کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕاگرتنی پەرهام پەروەری لە بەندی بەندکراوانی تۆمەتبار بە تاوانەکانی ماددەی هۆشبەر و کوشتن

12:06 - 19 رەزبەر 2724

پەرهام پەروەری، لە دەسبەسەرکراوانی بزووتنەوەی ژینا کە لە بەندیخانەی ئێرانشار ماوەی سزاکەی خۆی تێدەپەڕێنێت، بە پێچەوانەی یاسای جیاکردنەوەی سزاکان لە بەندی تۆمەتباران بە تاوانەکانی ماددەی هۆشبەر و کوشتن ڕاگیراوە.

سروە سووزەنی دایکی ئەم بەندکراوە سیاسییە ڕایگەیاندووە کە "پەرهام پەروەری دۆخێكی خراپ لە بەندیخانەی ئێرانشار تێدەپەڕێنێ. ئەم بەندیخانەیە لە بنەڕەتدا ناوەندی بارهێنان و فێرکردن بۆ بەندکراوانی تۆمەتبار بە تاوانەکانی ماددەی هۆشبەر و تاوانە قورسەکانە و بە هیچ شێوازێک بۆ بەندکراوانی سیاسی گونجاو نەبووە و نییە."

ناوبراو وتوویەتی: "حەفتەی ڕابردوو لە دەرگیرییەکدا چەند بەندکراو لە پەرهامیان داوە و لەم دەرگیرییەدا چاوی پەرهام تووشی کێشە بووە و شەش تەقەڵی لێ دراوە و هەروەها بە هۆی فڕێدانی فلاسکی چای جەستەشی سووتاوە."

دایکی پەرهام پەروەری لە کۆتاییدا جەختی کردووەتەوە: "پەرهام ئەندازیارە و قارەمانی مەلەکردنە. جێگای ئەو دەبێ لە بەندی بەندکراوانی سیاسیدا بێت نە لە نێوان تاوانبارانی ماددەی هۆشبەر و کوشتن".

ڕۆژی پێنجشەممە ٢٢ی خەرمانانی ١٤٠٣، داواکاریی پەرهام پەروەری بۆ پێڕاگەیشتنی دووبارە بە دۆسییەکەی لە دیوانی باڵای رێژیم ڕەت کرایەوە و ئەمە دووهەمین جارە کە داواکاریی ناوبراو لەمبارەوە ڕەت دەکرێتەوە.

ڕۆژی شەممە ٢٣ی بەفرانباری ١٤٠٢، پەرهام پەروەری بە بێ ئاگاداری بنەماڵەکەی و بە شێوەی نهێنی لە بەندیخانەی ئێڤینەوە بۆ بەندیخانەی ئێرانشاری سیستان و بەلووچستان دوور خرایەوە.

"پەرهام پەروەری" تەمەنی ٢٥ ساڵە و دەرچووی ئەندازیاریی مێکانیک لە زانکۆی "سەنعەتـ"ـی شاری ورمێیە و "موزەفەر پەروەری" و "سروە سووزەنی" باوک و دایکی پەرهام لە فەرهەنگییانی خانەنشینکراوی شاری سەقزن.

ئەندازیار "پەرهام پەروەری" پلەی سێهەمی مەلەوانیی لە ئاستی ئێراندا هەیە و چەندین خەڵاتی لە ئاستی ناوچەیی و لە بواری خوێندکاری بەدەست هێناوە.