کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆماری ئیسلامی دەیەوێ توندیی هێرشەکەی ئیسرائیل کەم بکاتەوە

11:19 - 21 رەزبەر 2724

کاناڵی "سی ئێن ئێن"ی ئەمریکا لە ڕاپۆرتێکدا باسی لەوە کردووە کە کۆماری ئیسلامی لەهەمبەر وڵامی ئیسرائیل بە هێرشە مووشەکییەکەی سپای پاسداران بۆ سەر خاکی ئەو وڵاتە نیگەرانە و لەهەوڵدایە تاکوو لە ڕێگەی دیپلۆماسییەوە پێش بە هێرشێکی قورس بۆ سەر دامەزراوەکانی بگرێت.

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە کۆماری ئیسلامی بەتایبەت لە یەک حەفتەی ڕابردوودا هەوڵی داوە تاکوو بە وتووێژ لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە و بەتایبەتی وڵاتانی عەرەبی، لە توندیی هێرشەکەی ئیسرائیل کەم بکاتەوە.

ئێران داوای لە عەرەبستان کردووە تاکوو بەپێی تواناکانی داوا لە واشینگتۆن بکات کە پێش بەم هێرشە بگرێت.

هەرچەند کە دەوڵەتی بایدێن داوای لە نێتانیاهوو کردووە تاکوو خۆی لە هێرشکردنەسەر دامەزراوە نەوتی و ناوکییەکانی ئێران ببوێرێت بەڵام ڕاپۆرتەکە باس لەوە دەکات کە تاران نیگەرانی ئەوەیە کە هەوڵەکانی ئەمریکاش نەتوانێت پێش بە ئەنجامی ئەم چەشنە هێرشانە بۆ سەر دامەزراوە گرینگەکانی ئێران بگرێت.

لەلایەکی دیکەوە وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ڕۆژانی ڕابردوو بە سەردانی چەند وڵاتی عەرەبی ناوچەکە خوازیاری ڕێگەنەدان بە کەڵکوەرگرتنی ئیسرائیل لە هەرێمی ئاسمانیی ئەو وڵاتانە بۆ هێرشکردنە سەر ئێران بوو.

لە ئیستادا سی ئین ئێنی ئەمریکا بەپشتبەستن بە زانیاریی سەرچاوە ئاگادارەکان، لەسەر ئەو باوەڕەیە کە تاران لە چۆنییەتیی وڵامەکەی ئیسرائیل بەتەواوی نیگەرانە.

لێدوانی بەرپرسانی باڵای ئیسرائیل لەم پێوەندییەدا نیگەرانییەکانی تارانی لەمبارەوە زیاتر کردووە.

یوئاو گاڵانت وەزیری بەرگریی ئیسرائیل پێشتر ڕایگەیاندبوو کە هێرشەکەی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران بەهێز، وردبینانە و لەناکاودا دەبێت.