کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەگبەی شاخ و شۆڕش (شەهید سالار ئیبراهیمی)

12:08 - 21 رەزبەر 2724

هەگبەی شاخ و شۆڕش (شەهید سالار ئیبراهیمی)

 

برایم چووکەڵی

 

دەنگی ژین بەرزە شەپۆلی بوونی       

کیژوکوڕ دەس بەچەکن بێستوونی

لە کۆمەڵێکدا کە زۆری ‌و زوڵم‌ و چەوساندنەوە هەبێ، خەبات ‌و بەربەرەکانیش دەبێ. مێژوویی نەتەوەی کورد شاهیدی خەبات‌ و تێکۆشانی ڕۆڵەکانیەتی ‌و تائێستاش ئەو خەباتە بە شێوەی جۆراوجۆر لە لایەن ڕۆڵەکانی ئەو نەتەوەیەوە درێژەی هەیە. نەتەوەی کورد لە ڕەوتی گەشەکردنی کۆمەڵایەتی خۆیدا‌ و هەمیشە بەگوێرەی هەلومەرج هەوڵی داوە ماف و ئازادییەکانی وەدەست بێنێ. فیداکاری‌، لەخۆبوردوویی‌، گیانبازی ‌و قوربانیدانی ڕۆڵەکانی ئەو نەتەوەیە باشترین بەڵگە و فاکتەری ئەو قسەیەن. لە "هەگبەی شاخ و شۆڕش"ی ئەمجارەماندا ناو و یادی شەهید سالار ئیبراهیمی بەرز ڕادەگرین.

سالار ئیبراهیی ساڵی ١٣٤٠ی هەتاوی لە ئاوایی "گۆمەتە"ی ناوچەی بێڵەواری کامیاران لە باوەشی بنەماڵەیەکی جووتیاردا چاوی بە دنیای پڕ لە زوڵم‌ و نابەرانبەری هەڵێنا. توانی هەتا پۆلی ٥ی سەرەتایی بخوێنێ و پاشان بە هۆی وەزعی نالەباری ئەوکات نەیتوانی دریژە بە خوێندن بدا، بۆیە قۆڵی لە کار هەڵماڵی ‌و توانی کەلێنێک لە گیروگرفی مادی بۆ بنەماڵەکەی پڕ بکاتەوە. پاشان کە گەورەتر بوو ڕووی کردە شارەکانی دیکەی ئێران ‌و تا ساڵی ١٣٥٧ لە زۆر شاری دیکە  دەستی بە کار دەکرد. لەو ماوەیەدا ئاستی بیر کردنەوەی بەربڵاوتر بوو، زیاتر هەستی بە بێبەشی ‌و ستەمی نەتەوەی کورد دەکرد، کارکردن لە شارەکانی دیکە هەستی نەتەوەیی‌ و ڕقی چینایەتی ئەویان بەهێزتر دەکرد، بۆیە وەک لاوێک دڵی پڕ بوو لە ڕق ‌و توورەیی زیاتر دەرهەق بە دەسەڵاتدارانی ڕێژیمی پاشایەتی.

لە سەروبەندی خۆپێشاندانەکانی ساڵی ١٣٥٧ی هەتاوی گەڕایەوە شاری کامیاران‌ و پاش سەرکەوتنی شۆرش ‌و ئاشکرابوونی تێکۆشانی سیاسی حیزبی دیموکرات لە ناوچەی کامیاران، بە سەدان کەس لە لاوەکانی ئەو شارە ڕوویان کردە ڕیزەکانی حیزبی دیموکرات، سالار ئیبراهیمی یەکێک لەو لاوانە بوو کە وەک لایەنگری حیزب لە تەشکیلات سازمان درا. بەدەست پێکردنی هیرشی هێزەکانی کۆماری ئیسلامی کە یەکەمین‌ جار شاری کامیاران لە زستانی ساڵی ١٣٥٨ی هەتاویدا کەوتە بەر هێرشی پەلاماری ڕێژیم برایەکی قارەمانی سالار بە ناوی سمایل ئیبراهیمی شەهید بوو شەهیدبوونی براکەی گڕوتینی خستە دڵ‌ و دەروونی سالاری لاوی تازە پێ‌گەیشتوو، بۆیە بڕیاری‌ دا ببێتە پێشمەرگە‌ و ڕێگای برا شەهیدەکەی درێژە پێ بدا، بەمجۆرە چووە ڕیزی پێشمەرگە قارەمانەکانی حیزب ‌و چەکی شەرف ‌و شانازیی کردە شان.

شەهید سالار لە ماوەیەکی کورتدا لێهاتوویی ‌و دڵسۆزی خۆی نیشان ‌دا و دەریخست کە لاوێکی ئازا و فیداکار و بەجەرگە. دەریخست کە باوەری حیزبیانەی قایم‌وقۆڵە. بەمجۆرە زۆری نەکێشا فیداکاری ‌و هەست بە بەرپرسایەتی‌کردنی سالار بوو بە وێردی سەر زمانی هاوسەنگەرانی. ئەو سەبارەت بە لێوشاوەیی کاری نیزامیدا، ساڵی ١٣٥٩ وەک فەرماندەری پەڵ دیاری کرا، بەهاری ساڵی ١٣٦٠ کاتێک هێزی بێستوون پێک‌هات، شەهید سالار لەلایەن حیزبەوە وەک یەکێک لە فەرماندە لکەکانی ئەو هێزە دیاری کرا، ناوبراو ماوەی ٣ ساڵ وەک فەرماندەری لک ئەرکی بەجێ‌گەیاند لە ماوەی ئەو سێ ساڵە‌دا دەیان شەڕی حەماسی لە ناوچەی کامیاران‌، کرماشان‌، ڕەوانسەر، بێڵەوار‌و ژاوەرۆ، سووڕسووڕو لەیلاخ، چەمشاری سنە‌، دیواندەرەو مەریوان بەڕێوە برد.

سالار ئیبراهیمی لە بەهاری ساڵی ١٣٦٣ی هەتاوی وەک جێگری فەرماندەری هێزی بێستوون ‌و مشاویری کومیتەی شارستانی کرماشان دیاری کرا، لە کونفرانسی پاییزی ساڵی١٣٦٤ بە ئەندامی کومیتەی شارستان‌ و نوێنەری کونگرەی ٧ حیزب هەڵبژێردرا. لە بەهاری ساڵی ١٣٦٥ی هەتاوی دوای پێکهاتنی مەڵبەندی یەکی کوردستان وەک بەرپرسی نیزامیی ناوچەی کرماشان دیاری کراو  سەرئەنجام لە هاوینی هەمان ساڵدا ئەرک ‌و بەرپرسایەتیی فەرماندەری عەمەلیاتیی هێزی زاگرۆسی پێ سپێردرا و چەند مانگ دواتر بەهۆی ڵێوەشاوەیی بوو بە جێگری فەرماندەری هێزی زاگرۆس.

شەهید سالار بە حەق هەموو تواناو لیاقەتی خۆی لە خزمەت حیزب‌و خەڵک‌دا خستە کار. ناوبارو لە هەشت ساڵ پیشمەرگاتیدا دەیان عەمەلیاتی گەورە‌و چووکەی فەرماندەهی کرد، لە ماوەی ژیانی پیشمەرگایەتی‌دا ٨ جار بریندار بوو و لە هاوینی ساڵی ١٣٦٠ چاوێکی لەدەست دا، بەڵام کۆڵی نەدا و نەسرەوت‌ و بۆ درێژەدانی خەبات زیاتر خۆی ماندوو دەکرد.

ئەو خاوەنی خوو ڕەوشتی شۆڕشگێڕانە بوو، لە کورەی ژیانی سەخت ‌و دژوار‌دا، و لە مەیدانی هەشت ساڵ شەڕ و بەربەرەکانێدا قاڵ ببوو، و خارابوو، چقڵی چاوی دوژمن بوو، ترس ‌و دڵەخورپەی دەخستە نێو دڵی دەژمن، ناوبراو ماندووبوون ‌و ترس‌ و مردنی نەدەناسی. ئەو فەرماندەرێکی کارامە، لێوەشاوە، لێهاتوو، لەکڵ دەرهاتوو بوو. هاوڕێیەکانی، خەڵك، چیاکان، ڕێگاکان، تفەنگەکان، هەموویان شاهیدی بۆ ئەوە دەدەن سالار پیشمەرگەیەکی هەڵکەوتووی حیزب بووە. خۆشەویستی ناوخەڵک‌ بوو هاوڕێیانی بەنەزم‌و ئینزبات بار دەهێنا.

شەوی ٨ی پووشپەری ساڵی ١٣٦٦ی هەتاوی لە کاتێکدا پێشمەرگەکان لە عەمەلیاتی موڵگەی دەژن بەرەو چاوگەی ئاوێر دەگەڕانەوە. لەسەر چاوگەی ئاوێر کەوتنە کەمینی هێزەکانی دوژمن پاش شەڕێکی قارەمانانە بووە هۆی تێکشکاندنی کەمینەکە‌و بەداخەوە دڵی پڕ لە هیوا و تاسەی قارەمانی کورد سالار ئیبراهیمی کەوتە بەر دەسڕێژی گوللەی بەکڕێگیراوان ‌و لە لێدان کەوت.

 تەنیا یەک ڕۆژ لە شەهیدبوونی تێپەڕی، بۆ بەیانی قوتابییەکانی سالار ئیبراهیمی لە بەرزاییەکانی کوچک‌چەرموو و مێرگەسار بە یادی سالار لە شەرێکی دە سەعاتەدا بە دەیان کەسیان لە هێزی دوژمن کوشت ‌و بریندار کرد. بەمجۆرە سالار ئیبراهیمی فەرماندە و مامۆستای پارتیزانەکانی حیزب لە ناوچەکانی کرماشان ‌و کامیاران ‌و سنە شەهید بوو بەڵام ناوی، ئازایەتی، وتەکانی، دەرسەکانی، بۆ هەمیشە بوونە مایەی گوڕوتین بەخشین بە کاروانی خەباتی حیزب ‌و خەڵکی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ژیان ‌و خەباتی بووە سەر مەشقی ژیان‌ و خەباتی قوتابییەکانی ‌و ڕۆڵەکانی گەڵ ‌و تێکۆشەرانی دیموکرات.