ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە نوێترین هەوڵی خۆیدا و لە کاردانەوە بە هێرشی مووشەکیی ئەم دواییانەی ڕێژیمی ئێران بۆ سەر خاکی ئیسرائیل، ١٦ ناوەند و ٢٣ کەشتیی سەر بە ڕێژیمی خستە لیستەی گەمارۆکانی خۆیەوە.
ڕۆژی هەینی ٢٠ی ڕەزبەر، وەزارەتی دەرەوە و وەزارەتی خەزێنەداریی ئەمریکا، ١٦ ناوەندی سەر بە ڕێژیمی ئێرانیان گەمارۆ دا و ٢٣ کەشتیشیان وەکوو دارایی بلۆکەکراو ڕاگەیاند.
بە وتەی نووسینگەی کۆنتڕۆڵی داراییەکانی دەرەوەی وەزارەتی خەزێنەداریی ئەمریکا، ئەم کەشتییانە لە ڕاگواستنی نەوت و پێترۆشیمیی ئێراندا بەشدارییان بووە.
لە بەیاننامەی وەزارەتی خەزێنەداریی ئەمریکادا هاتووە: ئەم هەوڵە گوشاری دارایی بۆ سەر ڕێژیم زۆر دەکاتەوە و توانایی ڕێژیم بۆ بەدەستهێنانی داهاتی گرینگ بە مەبەستی لاوازکردنی سەقامگیری لە ناوچە و هێرش بۆ سەر هاوپەیمانەکانی ئەمریکا سنووردار دەکاتەوە.
هەر لەم پێوەندییەدا، جەنێت یەڵێن وەزیری خەزێنەداریی ئەمریکا هۆشداری بە ڕێژیمی ئێران داوە کە ئەمریکا لە پێوەندی لەگەڵ هەوڵی زیاتر بۆ وڵامدەرکردنی ئەم ڕێژیمە تووشی گومان نابێت.