کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نامەی کۆمەڵێک لە سێناتۆرەکانی ئەمریکا بۆ بایدێن سەبارەت بە سنووردارکردنی تواناکانی کۆماری ئیسلامی لە فرۆشتنی نەوت و چەکوچۆڵ

12:30 - 21 رەزبەر 2724

گرووپێک لە سێناتۆرەکانی هەر دوو حیزبی کۆماریخواز و دێموکراتەکانی ئەمریکا لە نامەیەکدا داوایان لە جۆ بایدێن کردووە تاکوو لە کاتی خۆیدا ڕاپۆرتی هەوڵەکانی دەوڵەت بەمەبەستی سنووردارکردنی کۆماری ئیسلامی لە فرۆشتنی چەکوچۆڵ ڕادەست بکات.

بەپێی ڕاپۆرتێک لە بڵاوکراوەی هیڵ، ئەم سێناتۆرانە لەم نامەیەدا جەختیان لە سەر ئەوە کردووەتەوە کە بەپێی گەڵاڵەیەکی پەسەندکراو لە کۆنگرەی ئەمریکادا جۆ بایدێن دەبوو ڕاپۆرتێک سەبارەت بە سنووردارکردنی تواناکانی کۆماری ئیسلامی لە فرۆشتنی نەوت و گواستنەوەی چەکوچۆڵ ڕادەستی کۆنگرە بکات بەڵام تاکوو ئێستا چەند جار دەرفەتی خستنەڕووی ئەم ڕاپۆرتەی لەدەست داوە.

هیڵ سەبارەت بە نێوەڕۆکی نامەکە هێناویەتی، سێناتۆرەکانی کۆنگرە بە سەرۆککۆماری ئەمریکایان ڕاگەیاندووە کە داهاتی ئەو ڕێژە زۆرە نەوتەی کە کۆماری ئیسلامی دەتوانێت بیفرۆشێت یارمەتیدەری توندوتیژی و ناسەقامگیرییەکانە، بۆیە پێویستە ئەمریکا هەوڵی جیددی بۆ پێشگرتن بە فرۆشتنی نەوتی ئێران بدات.

دوناڵد ترامپ بەربژێری کۆماریخوازەکان بۆ سەرۆککۆماریی ئەمریکا چەندجار لە دیبەیت و بانگەشەکانی هەڵبژاردندا ڕایگەیاندووە کە دەوڵەتی بایدێن و هەریس بە ئازادکردنی میلیاردها دۆلار پارە و هەروەها پێشنەگرتن بە فرۆشتنی نەوتی ئێران لە دابینکردنی چەکوچۆڵ بۆ میلیشیاکانی کۆماری ئیسلامی بەمەبەستی تێکدانی ناوچەکە و جیهان بەرپرسیارن.

ڕۆژی هەینی وەزارەتی خەزێنەداریی ئەمریکا لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند کە بەمەبەستی گوشارخستنەسەر کۆماری ئیسلامی و سنووردارکردنی تواناکانی لە فرۆشتنی نەوت، گەمارۆگەلێکی نوێی بەدژی پیشەسازییەکانی نەوت و پێترۆشیمییەکانی کۆماری ئیسلامی داناوە.

کۆمپانییە سزادراوەکان لە وڵاتانی چین، هۆنگ کۆنگ، ئێمارات، پاناما، لیبێریا، مالێزی، هێند، سوورینام و دوورگەکانی ماڕشال جێگیرین.

 

کۆماری ئیسلامی ڕۆژانە میلیۆنها بەرمیل نەوت لە ڕێگەی قاچاخەوە هەناردەی ئەم وڵاتانە، بەتایبەتی چین دەکات.

وەزیری خەزێنەداریی ئەمریکا لەم پێوەندییەدا و بەئاماژەدان بە هێرشی مووشەکیی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر ئیسرائیل ڕایگەیاندووە کە ئەم هەوڵەی ئەمریکا ئاڵۆزییەکی زیاتر دەخاتە سەر تواناکانی تاران بۆ دابینکردنی پارەی پێویست بۆ کردەوە شەڕئاژۆکانی لە ناوچەکەدا.