ڕۆژنامەی ''واڵ ستریت ژورناڵ''ی بریتانیا بڵاوی کردەوە کە بە هۆی مێژووی کۆماری ئیسلامی لە کەڵکوەرگرتن لە گرووپە تاوانکارییەکان بۆ هێرشکردنە سەر ئامانجەکانی لە وڵاتانی ڕۆژاوایی، ڕێژیمی ئێران هێشتا بە دامەزراندنی ئەو گرووپانە لە هەوڵی ئەوەدایە بەرژەوەندییەکانی ئیسرائیل لە سەرانسەری جیهان بکاتە ئامانج.
ئەم ڕۆژنامەیە ڕۆژی هەینی ٢٠ی ڕەزبەر لە ڕاپۆرتێکدا نووسیویەتی، هێرشە بەردەوامەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کۆماری ئیسلامی و هاوپەیمانەکانی و هەروەها کوشتنی حەسەن نەسروڵڵا، بژاردەکانی تارانی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئیسرائیل سنووردار کردووە.
بەپێی ڕاپۆرتی ڕۆژنامەی واڵ ستریت ژورناڵ، ڕێوشوێنی تۆڵەسەندنەوەی ڕێژیمی ئێران لە دژی ئیسرائیل دەتوانێ شەڕێکی ناوچەیی لێبکەوێتەوە و هەر بەم هۆیەوە کۆماری ئیسلامی بۆ لێدانی ئیسرائیل بەدوای ڕێگای نوێدا دەگەڕێت.
کارناسان و دەزگا ئەمنییەکانی وڵاتانی ڕۆژاوایی ترسیان هەیە تاران لە ڕێگەی دامەزراندنی گرووپە تاوانکارییە ڕێکخراوەکانەوە بەرژەوەندییەکانی ئیسرائیل لە ڕۆژاوا بکاتە ئامانج.
تا ئێستا چەندین ڕاپۆرت لەلایەن دامودەزگا ئەمنییەکان و میدیاکانی ڕۆژاواوە سەبارەت بە پێوەندیی کۆماری ئیسلامی و گرووپە تاوانکارەکان بۆ هێرشکردنە سەر دژبەرانی تاران لە دەرەوەی وڵات بڵاو کراونەتەوە.
حەفتەی ڕابردوو پۆلیسی دانمارک دوو کەسی سویدی تەمەن ١٦ و ١٩ساڵانی بە تۆمەتی تێرۆریزم دەسبەسەر کرد. ئەوان بە دەستتێدابوون لە دوو تەقینەوە بە نارنجۆکی دەستی لە نزیک باڵیۆزخانەی ئیسرائیل لە کۆپنهاگنی پێیتەختی دانمارک تۆمەتبار کراون.
هەر لەو بوارەوە میدیاکانی سوید نووسیویانە کە ئەم دوو کەسە لەگەڵ سەرۆکی باندێکی تاوانکاری سەر بە ڕێژیمی ئێران لە پێوەندیدا بوونە کە بە ئاراستەکردنی پیلانی توندوتیژی لە وڵاتانی سکاندیناوی تۆمەتبارە.
بەپێی ڕاپۆرتەکان، سەرۆکی ئەم باندە تاوانکارە لە ئێستادا خۆی لە تاران حەشار داوە.
شۆرای ئەمنییەتی نەتەوەیی ئیسرائیل لە سەرەتای مانگی ئۆکتۆبردا هۆشداری دابوو کە هەوڵەکان بۆ بە ئامانجگرتنی بەرژەوەندییەکانی ئیسرائیل لە سەرانسەری جیهان لە دوای هێرشەکەی حەوتی ئۆکتۆبرەوە بە شێوەیەکی بەرچاو زیادیان کردووە.