کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کوژرانی ٢٢ کەس و بریندرابوونی ٢ پارێزەری ئاشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ئەنجامی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر بەیرووت

19:30 - 21 رەزبەر 2724

ڕۆژی پێنجشەممە ١٩ی ڕەزبەر لە ئاکامی هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل بۆ سەر شاری بەیرووت، ٢٢ کەس کوژران و زیاتر لە ١٠٠ کەسیش بریندار بوون.

ڕۆیتێرز بە پشتبەستن بە سێ سەرچاوەی ئەمنییەتیی لوبنان نووسیویەتی ئەم هێرشانە بەرپرسێکی باڵای حیزبوڵڵایان کردووەتە ئامانج کە لە هێرشەکە ڕزگاری بووە.

لە باشووری لوبنان، دوو سەربازی ئاشتیپارێزی نەتەوە یەکگرتووەکانیش دوای ئەوەی تانکێکی ئیسرائیلی تەقەی لە تاوەرێکی پاسەوانی لە بارەگای هێزەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ناقورە کرد، بریندار بوون.

بەپێی هەواڵدەریی ڕۆیتێرز، ئامانجی هێرشی ئیسرائیل لە ڕۆژی پێنجشەممە، وەفیق سەفا بووە، سەفا کە سەرۆکی یەکەی هەماهەنگی و پەیوەندییەکانی حیزبوڵڵا و بەرپرسی هاوکاری لەگەڵ دامودەزگا ئەمنییەکانی لوبنانە، لەم هێرشەدا ڕزگاری بووە.

لەم هێرشانەدا ئیسرائیل گەڕەکێکی نیشتەجێبوونی پڕ حەشیمەتی لە ناوەڕاستی بەیرووت کردە ئامانج کە ئاپارتمان و دووکانە بچووکەکانی لەخۆ گرتبوو.

لە نێو ئەو ٢٢ کەسەی لەم هێرشەدا کوژراون، خێزانێکی هەشت کەسی هەیە کە سێ منداڵیان هەبووە و لە باشوورەوە پەنایان بۆ ئەم ناوچەیە بردبوو.

ئیسرائیل لە ماوەی یەک ساڵی ڕابردوودا لانیکەم ٢ هەزار و ١٦٩ کەسی لە لوبنان کوشتووە.

شەڕ و دەرگیرییەکانی نێوان ئیسرائیل و حیزبوڵڵا  لە چەند حەفتەی ڕابردوودا پەرەی سەندووە و ئیسرائیل گەرەکەکانی باشووری بەیرووت، باشووری لوبنان و دەرەی بەقاعی بۆردومان کردووە و بەهۆیەوە زۆرێک لە سەرکردە باڵاکانی حیزبوڵڵا لە نێویاندا سەید حەسەن نەسروڵڵا کوژراون.