کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

وەزارەتی تەندروستیی غەززە: لە ئەنجامی هێرشەکانی ئیسرائیل لە ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا ٤٩ کەس کوژراون

10:43 - 22 رەزبەر 2724

کاربەدەستانی وەزارەتی تەندروستیی غەززە ڕۆژی شەممە ٢١ی ڕەزبەر ڕایگەیاند کە هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ئەم ناوچەیە لە ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا ٤٩ کوژراوی لێکەوتووەتەوە و ٢١٩ کەسیش بریندار بوون؛ لەلایەکی دیکەوە ڕێکخراوی بەرگریی مەدەنیی غەززە کە لەژێر چاودێریی حەماسدایە، کوژرانی ٣٠ فەلەستینیی دوای هێرشەکانی ئەم دواییەی ئیسرائیل بۆ سەر جەبالیا لە باکووری کەرتی غەززە، ڕاگەیاند.

بەپێی ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی فەرانسە، مەحموود بەسل، وتەبێژی ڕێکخراوی بەرگریی مەدەنیی غەززە ڕایگەیاند کە تەنیا لە هێرشی کاتژمێر ٢١:٤٠ ئێوارەی هەینی ١٢ فەلەستینی لە شاری جەبالیا کوژران کە ژن و منداڵیشیان تێدایە.

هەروەها ناوبراو لە درێژەدا ئاماژەی بەوەدا کە ١٤ کەسی دیکەش لە دوای ئەو هێرشانەوە بێسەروشوێن بوون و پێدەچێت لەژێر داروپەردووی باڵەخانە وێرانبووەکاندا بن.

پێشتریش ئەحمەد ئەلکحلوت، بەڕێوەبەری ڕێکخراوی بەرگریی مەدەنی لە باکووری غەززە بە ئاژانسی هەواڵی فەرانسەی ڕاگەیاندبوو، لە ئەنجامی چەندین هێرش بۆ سەر شارەکە و کەمپی پەنابەران لە جەبالیا، ١٨ کەس، کە لەنێو هەشت قوتابخانە لە کەمپەکەدا بوون کە وەک پەناگەیەک بۆ ئاوارەکان دەسنیشان کراوە، کوژراون.

هەروەها یەکشەممەی ڕابردوو ئەرتەشی ئیسرائیل ڕایگەیاند کە جەبالیا کە دەکەوێتە باکووری ڕۆژهەڵاتی غەززە بە مەبەستی ڕێگریکردن لە بەهێزکردنی هێزەکانی حەماس لەم ناوچەیەدا بۆ ئەنجامدانی هێرش، گەمارۆی داوە و داوای لە دانیشتووان کردووە جەبالیا چۆڵ بکەن.

لەم دواییانەدا فیلیپ لازارینی، کۆمیساری ئاژانسی پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند کە لانیکەم ٤٠٠ هەزار فەلەستینی لە باکووری کەرتی غەززە گیریان خواردووە، چونکە هیچ شوێنێکی پارێزراو لەوێ نەماوە کە بۆی بچن.

بەپێی ئاماری بەرپرسانی تەندروستیی غەززە، ژمارەی ئەو کەسانەی لە شەڕی غەززە لە ٧ی ئۆکتۆبرەوە کوژراون، گەیشتووەتە ٤٢ هەزار و ١٧٥ کەس کە زۆربەیان ژن و منداڵ بوون. هەروەها کۆی گشتیی بریندارانی فەلەستینی لە شەڕی غەززە ٩٨ هەزار و ٣٣٦ کەسە.