ڕۆژنامەی "شەرق" لە ڕاپۆرتێکدا پەرژاوەتە سەر لێکەوتە خراپەکانی یاسای "جەوانیی حەشیمەت" لە ئێران و زیادبوونی منداڵانێک کە بە ئاڵۆزییە کڕۆمۆزۆمییەکانەوە لەدایک دەبن.
پسپۆڕێکی زانستەکانی تاقیگە لە ئێران لە وتووێژێکدا بەم ڕۆژنامەی ڕاگەیاندووە کە سەردانی ژنانی دووگیان بۆ ئەنجامی تەتەڵەکردن لە تاقیگە بە ڕێژەیەکی زۆر، کەمی کردووە.
ئەگەرچی هیچ لایەنێک نییە کە بتوانێت ئامارێکی دروست لەم پێوەندییەدا بڵاو بکاتەوە بەڵام بە وتەی ئەم پسپۆڕە لە تاقیگەیەکی دیاریکراو لە تاراندا ئەم ڕێژەیە لەچاو ڕابردوو لەنێوان ٣٠ تا ٤٠ لەسەد کەمی کردووە.
کەمبوونەوەی ئەم ڕێژەیە لە تەتەڵەکردنی کۆرپەڵەکانی گیرۆدە بە ئاڵۆزییە کڕۆمۆزۆمییەکان بەهۆی یاسای جەوانیی حەشیمەتە کە ساڵی ١٤٠٠ لەلایەن دەوڵەتەوە پەسەند کرا.
ئەم یاسا بەربەستگەلێکی زۆری خستووەتە بەردەم ژنان تاکوو نەتوانن هیچ کۆنتڕۆڵێکیان بەنیسبەت دووگیانیی خۆیان بێت و لە هیچ بارودۆخێکدا کۆرپەڵەکەیان لەبار بەرن یان خۆیان نەزۆک بکەن.
دەوڵەت بەمەبەستی جێبەجێکردنی وردبینانەی ئەم یاسا گرووپێکی بەناوی "گەشتی بەرەوڕووبوونەوە لەگەڵ لەباربردنی کۆرپەڵە" دامەزراند و لەباربردنی کۆرپەڵەی بە تاوان ناساند.
بەپێی ئەم یاسا، پسپۆڕەکان بە هیچ شێوازێک ئیزنیان نییە کە پێشنیاری تەتەڵەکردنی کۆرپەڵەی گیرۆدە بە ئاڵۆزییەکان بدەن یان سەبارەت بەم بابەتە هیچ ڕێنوێنی و فێرکارییەک بدەن.
ئەم پسپۆڕە لە درێژەی قسەکانیدا بەم ڕۆژنامەی ڕاگەیاندووە کە ئەم بەربەستانە کە ئەم یاسا دروستی کردووە نە تەنیا نەبووەتە هۆی لەدایکبوونی منداڵانی تەندروست بەڵکوو زۆرێک لە ژنانی ناچار بە تاقیکردنەوەی ڕێگەگەلی ناتەندروست و مەترسیدار بۆ لەباربردن کردووە.
بەپێی ئامارەکان ڕێژەی لەباربردن لە ئێراندا ساڵانە زیاتر لە ٤٠٠ هەزار حاڵەتە کە تەنیا نزیک بە ١٢ هەزار حاڵەتی بەشێوەی یاسایی و ڕێگەپێدراو ئەنجام دراوە.
دەوڵەت لەم ساڵانەدا بە کەمکردنەوەی مۆڵەتنامەی یاسایی لەباربردن بووەتە هۆکار تاکوو دایکانی دووگیان ناچار بن لە ڕێگەی نایاسایی و مەترسیدارەوە ئەم کارە ئەنجام بدەن.