کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئامانجەکانی ئیسرائیل بۆ هێرشکردن ئاڵوگۆڕیان تێدا بەسەر هاتووە

12:15 - 22 رەزبەر 2724

ئەگەری هەیە ئامانجەکانی ئیسرائیل بۆ هێرشکردنەسەر ئێران پاش ڕاوێژەکانی ڕۆژانی ڕابردوو لەگەڵ ئەمریکا، سنووردارتر بووبێتەوە.

کاناڵی "ئێن بی سی"ی ئەمریکا لە زاری چەند بەرپرسێکی ئەمریکاییەوە ڕایگەیاندووە کە ئیسرائیل ئامانجەکانی خۆی لە هێرشکردنە سەر ئێران لە بنکە ناوکییەکانەوە و بۆ ژێرخانەکانی سەربازی و وزە، گۆڕیوە.

بەپێی زانیارییەکان، لە ڕۆژانی ڕابردوودا و پاش وتووێژە بەردەوامەکانی بەرپرسانی باڵای ئیسرائیل و ئەمریکا و بەتایبەتی پێوەندیگرتنەکانی بایدێن و نێتانیاهوو، هیچ نیشانەیەک لەوەی کە ئیسرائیل بیهەوێت هێرش بکاتە سەر بنکە ناوکییەکانی ئێران، نەماوە.

لەم پێوەندییەدا چەند بەرپرسی ئەمریکایی بە "ئێن بی سی"یان ڕاگەیاندووە کە ئەگەرچی ئیسرائیل هێرش ناکاتە سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران بەڵام تاکوو ئێستا بڕیاری کۆتایی لەلایەن ئیسرائیلەوە سەبارەت بە چۆنییەتیی هێرشەکە نەدراوە.

ئەم بەرپرسانە سەبارەت بە کاتی ئەنجامی هێرشەکە زیادیان کردووە کە هیچ زانیارییەکان لەم بابەتە نییە، بەڵام ئەرتەشی ئیسرائیل چاوەڕێی فەرمانە تاکوو هێرشەکە ئەنجام بدات.

لە ڕۆژانی ڕابردوو و پاش هێرشی مووشەکیی سپای پاسداران بۆ سەر ئیسرائیل سەرەتا بەرپرسانی ئیسرائیلی هەڕەشەی وڵامی قورسیان لە کۆماری ئیسلامی کرد بەڵام دواتر بەهۆی گوشارەکانی ئەمریکا بۆ سەر دەوڵەتی نێتانیاهوو هەڕەشەکان ئاڵوگۆڕیان بەسەردا هات.

هەرچەند کە بەرپرسانی ئیسرائیل ڕایانگەیاندووە بەدڵنیاییەوە وڵامی هێرشە مووشەکییەکەی کۆماری ئیسلامی ئەدەنەوە بەڵام وێدەچێت پاش داواکارییەکانی بایدێن، ئەم هێرشە سنووردارتر لەوە بێت لە پێشتر ڕاگەیەندراوە.

جیا لە گوشارەکانی بایدێن بەهۆی نزیکبوونی هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا و پێشگرتن بە تەشەنەسەندنی زیاتری گرژییەکان، سەرچاوەکان باس لەوە دەکەن کە لە ئێستادا ئیسرائیل توانای لەنێوبردنی بەرنامە ئەتۆمییەکانی ئێرانی بە تەواوەتی نییە و ئەگەر هێرشێکی لەو چەشنە بکات، تەنیا خەسارێکی کەم بە بنکە ناوکییەکانی ئێران دەگەیەنێت.

جیا لە بنکە ناوکییەکان وێدەچێت ئەمریکا توانیبێتی کە دەوڵەتی نێتانیاهوو ڕازی بکات تاکوو لە هێرشکردنەسەر دامەزراوە نەوتییەکانی ئێران، خۆ ببوێرێت.

بایدێن پێشتر ڕایگەیاندبوو کە ئەگەر ئەو لە جێگەی نێتانیاهوو بووایەت، بیری لە هێرشکردنەسەر ئامانجی دیکە لە جیاتی دامەزراوە نەوتییەکان دەکردەوە.