وریشە (جوانا) مورادی، ژنە زیندانیی سیاسیی کورد کە بە تۆمەتی بەغی تۆمەتبار کراوە و پێدەچێت کە لەلایەن دادگای شۆڕشی ڕێژیمەوە سزای لەسێدارەدانی بەسەردا بسەپێندرێت، لە نامەیەکدا لە زیندانی ئێڤینەوە بۆ "کۆمەڵگەی ئازاد و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان" نووسیویەتی:بە مەبەستی ناڕەزایەتیدەربڕین و هەڵوێستی ڕوون و شەفاف بۆ کەمپەینی نا بۆ لەسێدارەدان لە سەرانسەری جیهاندا کە گرووپ و دامەزراوە و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان بە ئامانجی ڕاگرتنی لەسێدارەدان دەستیان پێکردووە بەردەوام دەبم لە مانگرتنم لە خواردن .
ناوبراو لەو نامەیەدا بە ئاماژەدان بە پێشهاتەکانی ئەم دواییەی ناوچەکە، ژنان و منداڵانی بە قوربانیی سەرەکی شەڕ و ململانێکان زانی و لە بارەی دووبارەبوونەوەی ساڵانی شەستەکان، کە ژمارەیەکی زۆر لە زیندانییانی سیاسی لە سێدارە دراون هۆشداری دا و ڕایگەیاند: لە شەڕی نێوان زلهێزەکانی ناوچەکە و کۆمەڵگا بەتایبەت ژنان و منداڵان دەبنە قوربانی. یان مافەکانیان پێشێل دەکرێت، یان ناچار دەکرێن زێدی خۆیان بەجێ بهێڵن، یانیش وایان لێدەکرێت خزمەت بە ئەربابەکانی ئەم شەڕانە بکەن. لەم نێوانەدا پرسێکی گرینگ کە دەبێت چارەسەر بکرێت ئەوەیە کە زیادبوونی پرس و کێشە ناوخۆییەکان و لە هەمان کاتدا سەرکوتکردنی ئازادیخوازان لە کۆمەڵگا، هاوتەریب لەگەڵ شەڕەکانی دەرەوەی سنوورەکان ڕوو دەدات. ئەم کێشەیە کە ئێستا لە ناوچەکەدا هەیە وای کردووە کە کاربەدەستانی ئێران کەڵکی لێ وەرگرن و بە هەمان ڕێبازی ساڵانی شەستەکان بەرەو پێش بچن، کە شاهیدی کۆمەڵکوژی لە زیندانەکان و لەنێو ئازادیخوازاندا بووین، بۆیە گرینگ ئەوەیە ئێستا کە ئەم سەردەمە هەمان قۆناغی شەستەکان وەبیر دەهێنێتەوە، نابێت ڕێگە بدەین مێژوو خۆی دووبارە بکاتەوە.
هەروەها لە بەشێکی دیکەدا نووسی گەر کوشتار و کوژراوانی شەڕەکان دەبینن و هاوار دەکەن “نا بۆ شەڕ” ئەوە دەبێ کوشتار و کوژراوان و لەسێدارەدانەکانی نێوخۆییش ببینن کە ڕۆژانە کۆماری ئیسلامی ئەنجامی دەدەات.
بۆیە نابێ ڕێگە بدەین کە شەڕی دەرەوەی سنوورەکان سێبەری بخاتە سەر سەرکوتەکانی ناوخۆی کۆمەڵگا و مانگرتن لە خواردنم لەم ئاڕاستەیەدایە کە بە هەر نرخێک بێت، ڕێگە نادەین دەنگی ئازادیخوازانی ناوخۆ کە ئازایانە لە بەرانبەر زوڵم و نادادپەروەری ڕاوەستاون، لە گێژاوی شەڕ و ئاڵۆزییەکانی ناوچە ون بێت.
وریشە مورادی لە مانگی گەلاوێژی ساڵی ١٤٠٢ لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەسبەسەر دەکرێت. ناوبراو بۆ ماوەیەکی زۆر لە شوێنگەلی نادیار زیندانی کراوە و مافی پەیوەندی لەگەڵ بنەماڵەکەی و دەستڕاگەیشتن بە پارێزەرێکی دیاریکراوی پێ نەدراوە.
هەروەها دادگای شۆڕشی ڕێژیم لە تاران بە سەرۆکایەتیی ئەبولقاسم سەڵواتی، یەکێک لە بەدناوترین دادوەرەکانی کۆماری ئیسلامی، مورادیی بە بەغی تۆمەتبار کرد. و لە خولی دووەمی دانیشتنی دادگای دۆسییەکەی لە مانگی ڕەزبەری ئەمساڵدا. بەپێی ڕاپۆرتی تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان، دادوەر ڕێگەی بە ناوبرا نەداوە کە لە دادگا بەرگری لە خۆی بکات.