سەرەڕای تێپەڕبوونی زیاتر لە یەک مانگ بەسەر دەسبەسەرکرانی ڕەزا عەلایی، فیلمساز و دەرهێنەری کوردی خەڵکی بانە، سەبارەت بە دۆخ و شوێنی ڕاگیرانی ناوبراو زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.
ئەم دەرهێنەرە کوردە لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا تەنیا یەک جار پێوەندییەکی تلفۆنیی کورتی لەگەڵ بنەماڵەکەی هەبووە و ڕوون نییە کە لە کام گرتنگەی ئەمنیەتییدایە.
ڕەزا عەلایی تاکوو ئێستا لە دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەری بووە.
ڕۆژی چوارشەممە ٢١ی خەرمانانی ١٤٠٣، ڕەزا عەلایی، بە بێ بەڵگەی یاسایی لە ماڵەکەی خۆیدا و لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا.
ڕەزا عەلایی چەندین فیلمی کورت و درێژی دروست کردووە و دەرهێنەری فیلمی "زەوییە پیسەکان" بووە کە توانی لە فێستیڤاڵی فیلمی کەندا بەشدار بێت.
تاکوو ئێستا سەبارەت بە هۆکاری دەسبەسەرکران و تۆمەتە وەپاڵدراوکان دژی ئەم دەرهێنەرە زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.