ئەرتەشی ئیسرائیل ڕایگەیاند، دوابەدوای هێرشی دڕۆنی بۆ سەر بنکەیەکی سەربازی لە نزیک شاری بنیامینا لە باکووری ئەو وڵاتە، بەرەبەیانیی رۆژی دووشەممە ٢٣ی ڕەزبەر، ٤ سەرباز کوژران و ٥١ کەسیش بریندار بوون، کە باری تەندروستی ٧ کەسیان ناجێگیرە.
حیزبوڵڵای لوبنان بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەک بەرپرسیارێتی ئەم هێرشەی لە ئەستۆ گرتووە و ڕایگەیاندووە کە ئەم عەمەلیاتە بە دڕۆن بۆ سەر بنکەیەک لە باشووری حەیفا ئەنجام دراوە.
ئەم گرووپە هەڕەشەی ئەوەشی کردووە ئەگەر هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر لوبنان بەردەوام بن، ئەوا هێرشی زیاتر بۆ سەر خاکی ئیسرائیل ئەنجام دەدەن.
میدیاکانی ئیسرائیل بڵاویان کردەوە، دوو دڕۆن لە دەریاوە چوونەتە ناو ئاسمانی ئیسرائیل و یەکێکیان لە کەناراوەکانی باکووری حەیفا خراوەتە خوارەوە. دووهەمینیش دوای ماوەیەک لە ڕادار دیار نەماوە و پێدەچێت کەوتبێتە خوارەوە.
ئەم هێرشە نوێترین حاڵەتی پەرەسەندنی گرژییەکانی نێوان ئیسرائیل و حیزبوڵڵای لوبنانە کە بە پشتیوانیی کۆماری ئیسلامی ئێران دژی ئیسرائیل شەڕ دەکات.
هاوکات میدیاکانی ئیسرائیل ئەم هێرشەیان بە کوشندەترین هێرشی حیزبوڵڵا بۆ سەر ئیسرائیل لە دوای شەڕی ٣٣ ڕۆژەی ساڵی ٢٠٠٦ناو بردووە.