ڕاپۆرتی نوێی ناوەندی ئاماری ئێران سەبارەت بە دۆخی پێوەرەکانی چارەڕەشیی پارێزگاکان نیشان دەدات کە کرماشان و ئێسفەهان لە سەرەوەی ئەو لیستەدان.
پێوەرەکانی چارەڕەشی بریتییە لە کۆی ڕێژەی هەڵاوسان و بێکاری، کە لە ناوەڕاستی حەفتاکانی سەدەی ڕابردووەوە لە ئەدەبیاتی ئابووریی سیاسیدا وەک ئامرازێک بۆ پێوانەکردنی قەیرانی ئابووری لە وڵاتاندا بەکار دەهێنرێت.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، پێوەرەکانی چارەڕەشی لە پارێزگای کرماشان نزیکەی ٥١ لەسەد و لە ئێسفەهان زیاتر لە ٤٩ لەسەدە. بەم شێوەیە کۆی ڕێژەی بێکاری و هەڵاوسان لەم دوو پارێزگایەدا لەم هاوینەدا لە چاو پارێزگاکانی دیکە زیاترە.
تا ئێستا بە تەواوی ڕوون نییە بۆچی پارێزگای ئێسفەهان کە ناوچەیەکی پیشەسازییە لە ڕووی پێوەرەکانی چارەڕەشییەوە لە ڕیزی دووهەم دادەنرێت، بەڵام قەیرانی کورتهێنانی کارەبا لە هاوین و خراپتربوونی گوشاری ئاو لەم پارێزگایە دەتوانێت هۆکاری گەشەی بێکاری لە کەرتی پیشەسازی و کشتوکاڵدا بێت.
هەروەها ئێسفەهان و یەزد لە هاوینی ئەمساڵدا لە ئاستی سەرەوەی هەڵاوسانی پارێزگاکانی ئێراندا بوون.
ناوەندی ئاماری ئێران ڕێژەی بێکاریی لە وەرزی هاویندا ٧.٥ لەسەد ڕاگەیاند کە بە لەبەرچاوگرتنی ئەو چەقبەستووییە ئابوورییەی کە لەو وڵاتەدا زاڵ بووە، بە ئامارێکی سەیر دێتە ئەژمار.
لە ڕاپۆرتی نوێی ناوەندی ئاماردا ژمارەی کەسانی خاوەن کار لە ئێران لە هاویندا ٢٥ میلیۆن و ١٢٩هەزار کەسی ڕاگەیەندرا، کە ئەم ڕێژەیە تەنیا ٣٨٠ هەزار کەس زیاتر لە ماوەی وێکچووی ساڵی ١٣٩٨ و پێش سەرهەڵدانی کۆرۆنایە؛ بەڵام لەم ماوەیەدا چوار میلیۆن کەس لە ئێراندا گەیشتوونەتە تەمەنی کارکردن و دەبوو ڕێژەی بێکاری لە ئێراندا بە شێوەیەکی بەرچاو بەرز ببێتەوە.
بە واتایەکی دیکە بەشێکی زۆری ئەو کەسانەی لە ماوەی پێنج ساڵی ڕابردوودا بەدوای کاردا دەگەڕێن، بەهۆی بێهیوابوون لە دۆزینەوەی کار، بوونەتە توێژی ناچالاکی کۆمەڵگە، بۆیە ڕێژەی بێکاری لە ١٠.٥ لەسەدەوە بۆ ٧.٥ لەسەد دابەزیوە.