هاوکات لەگەڵ ئەگەری تەشەنەسەندنی گرژییەکان بەهۆی هێرشی بەردەوامی میلیشیاکانی کۆماری ئیسلامییەوە بۆ سەر ئیسرائیل، وەزیری دەرەوەی ڕێژیم لە بەغداد باسی لە نیگەرانییەکانی تاران سەبارەت بە پەرەسەندنی شەڕ بۆ وڵاتانی دیکەی ناوچەکەی کردووە.
لە درێژەی سەردانەکانی وەزیری دەرەوەی ڕێژیم بۆ وڵاتانی عەرەبیی ناوچەکە، ڕۆژی یەکشەممە ٢٢ی ڕەزبەر عەباس عێراقچی گەیشتە بەغداد و لەگەڵ هاوتا عێراقییەکەی لە پرێس کۆنفرانسێکدا بەشداریی کرد.
ناوبراو هاوکات لەگەڵ تەشەنەسەندنی گرژییەکان و هەروەها ئەگەری وڵامی ئیسرائیل بە هێرشە مووشەکییەکەی سپای پاسداران ڕایگەیاندووە، کۆماری ئیسلامی هەم بۆ شەڕ ئامادەیە هەم بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن.
عێراقچی هاوشێوەی سەردانەکانی چەند ڕۆژی ڕابردووی بۆ وڵاتانی عەرەبی کەنداو، باسی لە تەشەنەسەندنی گرژییەکان لە ناوچەکە کردووە و نیگەرانیی خۆی سەبارەت بە پەرەسەندنی شەڕ بۆ وڵاتانی دیکەی ناوچەکە دەربڕیوە.
ناوبراو زیادی کردووە کە کۆماری ئیسلامی بۆ هەرچەشنە سیناریۆیەک ئامادەیە و دەیهەوێت یارمەتیدەری پێشگرتن بە کارەساتی دیکە بێت.
ئەم وتانەی وەزیری دەروەی کۆماری ئیسلامی لەکاتێکدایە کە هێرشی میلیشیاکانی سەر بە تاران بۆ سەر ئیسرائیل بەردەوامە و بووەتە هۆکاری سەرەکیی پەرەسەندنی شەڕەکە بۆ ناوچەکانی دیکەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست.
وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی لە درێژەی ئەم خولە لە سەردانەکانی بۆ وڵاتانی عەرەبیی ناوچەکە، لە بەغدادەوە گەیشتە مەسقەت و پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە ٢٣ی ڕەزبەر لەگەڵ هاوتا عەمانییەکەی دانیشتنی هەبووە.
نیگەرانییەکانی تاران سەبارەت بە چۆنییەتیی وڵامی ئیسرائیل بە هێرشەکەی سپای پاسداران، بابەتێکی گرینگی ئەم سەردانانە بووە.
لە ڕۆژانی ڕابردوو چەند سەرچاوەی ڕۆژاوایی باسیان لەوە کردبوو کە تاران داوای لە ڕیاز کردووە تاکوو لە ڕێگەی دەستوپێوەندییەکانییەوە داوا لە جۆ بایدێن بکات بە گوشارخستنەسەر دەوڵەتی نێتانیاهوو پێش بە هێرشکردنەسەر بنکە ناوکی و دامەزراوە نەوتییەکانی ئێران بگرێت.