سەرۆکی ڕێکخراوی گەشەپێدانی بازرگانیی ئێران باس لەوە دەکات کە لە نیوەی یەکەمی ئەمساڵدا کورتهێنانی بازرگانیی دەرەکی غەیرە نەوتی ئێران گەیشتووەتە حەوت میلیارد دۆلار. ئەمە لەکاتێکدایە کە کورتهێنانی ساڵی ڕابردوو ڕیکۆردێکی مێژوویی بوو کە ١٧ میلیارد دۆلار بوو.
محەممەدعەلی دێهقان دێهنەوی ڕۆژی یەکشەممە ٢٢ی ڕەزبەر ڕایگەیاند کە لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵدا کۆی گشتیی هەناردەی غەیرەنەوتیی ئێران ٢٥.٨ میلیارد دۆلار بووە و هاوردەی ئێران ٣٢.٥ میلیارد دۆلار بووە.
جگە لە کورتهێنانی تەرازی بازرگانی، دوایین ڕاپۆرتی بانکی ناوەندی دەریدەخات لە ٩ مانگی یەکەمی ساڵی ڕابردوودا زیاتر لە ٢٠ میلیارد دۆلار سەرمایە لە وڵات هەڵاتووە کە ئەمەش ڕێکوردێکی مێژووییە.
لەو کاتەوە ئەم ناوەندەی ڕێژیم بڵاوکردنەوەی ئامارەکانی پەیوەندیدار بە هەژماری سەرمایەی وەستاندووە، لەم دواییانەشدا بە تەواوی ڕێگری لە دەستپێڕاگەیشتنی بەکارهێنەران بۆ داتاکان کردووە.
جیاوازیی بەرچاوی نێوان هەناردە و هاوردەکردنی غەیرەنەوتیی ئێران (ناتەرازی بازرگانی) و دەستەوداوێنبوونی دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ زیادکردنی ئاماری هەناردەکردنی نەوت، کارەبا و خزمەتگوزارییە تەکنیکی و ئەندازیارییەکان لە ئاماری گومرگیدا، لەحاڵێکدایە ڕاپۆرتەکانی شیرکەتی شوێنهەڵگری نەوتهەڵگرەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە هەناردەی ڕۆژانەی نەوتی ئێران لە دوو مانگی ڕابردوودا ٤٠٠ هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا لە چاو مانگەکانی پێشوو کەمتر بووە.
هەروەها ئەو ئامارانەی کە لەلایەن بەرپرسی ڕێکخراوی گەشەپێدانی بازرگانیی ئێرانەوە خراوەتە ڕوو، دەریدەخەن کە ٧٩ لەسەدی هاوردەکردنی ئێران و ٧٥ لەسەدی هەناردەکردنی غەیرەنەوتیی ئێران تەنیا بە پێنج وڵات گرێدراوە کە چین لە سەرەوەی هەموویانە.