کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئانتۆنیۆ گۆترێش: هەر هێرشێک بۆ سەر ئاشتیپارێزەکان بە "تاوانی شەڕ" هەژمار دەکرێت

17:56 - 23 رەزبەر 2724

لە بەردەوامی شەڕ و پێکدادانەکانی نێوان حیزبوڵڵای لوبنان و ئیسرائیل، حیزبوڵڵا دەڵێت لەگەڵ ئەرتەشی ئیسرائیل کە هەوڵی دزەکردنیان بۆ ناو گوندی ڕامیای داوە تێکهەڵچوونیان هەبووە، بەڵام لەلایەکی دیکەوە ئیسرائیل دەڵێت هێرشەکانیان لە باشووری لوبنان بە ئامانجی لەناوبردنی "ژێرخانی تێرۆریستی" بەردەوامە و لە هەمان کاتدا ئاشتیپارێزێکی نەتەوە یەکگرتووەکان لە شەڕی بەردەوامی باشووری لوبنان بریندار بووە.

لەکاتێکدا کە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست نیگەرانی پەرەسەندنی ململانێکانە و لە ئامادەباشیدایە، بڵێسەی شەڕی نێوان ئەرتەشی ئیسرائیل و حیزبوڵڵای لوبنان بەردەوام لە گەشەکردندایە.

ئەرتەشی ئیسرائیل ماوەیەکە هێزی زەوینیی خۆی ڕەوانەی لوبنان دەکات، و لە چەند حەفتەی ڕابردوودا باشووری لوبنان و باشووری بەیرووت و چەند ناوچەیەکی دیکەی بۆردومان کردووە.

ئیسرائیل ڕایگەیاند کە ڕۆژی شەممە ۲۱ی ڕەزبەر لانیکەم ٢٠٠ پێگەی حیزبوڵڵای لوبنانی لە قووڵایی و باشووری لوبنان کردووەتە ئامانج.

لەلایەکی دیکەوە حیزبوڵڵا کە دوای هێرشەکانی ئیسرائیل بەشێکی زۆری سەرکردایەتییەکەی لەدەست داوە، بەڵام ئەویش بەردەوام بووە لە هێرشەکانی و مووشەک و ڕاکێتی بەرەو خاکی ئیسرائیل ئاراستە کردووە.

هەروەها لەم نێوانەدا ئاژانسی هەواڵی فەرانسە بڵاوی کردەوە، کە لە پێنجشەممەی ڕابردووەوە، ٥ سەربازی ئاشتیپارێزی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ئەنجامی هێرشەکانی ئەرتەشی ئیسرائیل بریندار بوون.

لەم پێوەندییەدا ئانتۆنیۆ گۆترێش سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕۆژی یەکشەممە هۆشداری دا کە هەر هێرشێک بۆ سەر ئاشتیپارێزەکان دەکرێت بە "تاوانی شەڕ" هەژمار بکرێت.

بەپێی هەواڵی ئاژانسی ڕۆیتێرز، “ئستفان دوجاریک”، وتەبێژی گۆترێش ڕایگەیاندووە، سکرتێری گشتی دووپاتی دەکاتەوە کە هەرگیز نابێت شوێنەکانی یونیفیل و ستافەکەی بکرێنە ئامانج و هێرشەکان بۆ سەر ئاشتیپارێزان پێشێلکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکان و یاساکانی مافی مرۆڤە.

هەروەها سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، وێڕای دەربڕینی بەداخبوونی خۆی لەبارەی برینداربوونی ئاشتیپارێزەکان، ڕایگەیاند، ئەرتەشی ئیسرائیل هەموو هەوڵێکی خۆی دەدات بۆ ئەوەی ڕووداوەکانی لەو شێوەیە دووبارە نەبێتەوە، بەڵام ڕێگای سادە و ڕوون بۆ دڵنیابوون لە پارێزراونبوونیان ئەوەیە کە ئەوان لە ناوچەی پڕ مەترسیدار نەمێنن.

هەر لەم پێوەندییەدا بێنیامین نێتانیاهوو لە پەیامێکدا بۆ گۆترێش وتی: ڕەتکردنەوەی ئێوە بۆ چۆڵکردنی هێزەکانی ئاشتیپارێزی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ناوچەکانی شەڕاوی دەبێتە هۆی ئەوە کە هێزەکانتان ببنە بارمتەی حیزبوڵڵا و ئەم پرسە ژیانی سەربازانی ئیسرائیل و ئەو هێزانە دەخاتە مەترسییەوە.