ڕاپۆرت و سەرچاوە خوێندکارییەکان ئاماژە بە هەڵپەساردن لە خوێندن و دەرکردنی سەدان خوێندکاری زانکۆکان لە ئێران و تاران وەکوو زانکۆی ئەلزەهرا لە ماوەی دوو ساڵ دوای ڕاپەڕینی ژینا دەکەن.
زەهرا نازم بۆکایی، سەرۆکی زانکۆی ئەلزەهرا، لە دوایین چاوپێکەوتنیدا ئیدعای کرد کە هیچ خوێندکارێک لەم زانکۆیە دەرنەکراوە و ئیدعای ئەوەی کرد کە لە دوو ساڵی ڕابردوودا تەنیا خوێندنی ٣٠ خوێندکاری ئەم زانکۆیە لە دوای دەستپێکردنی شۆڕشی "ژن، ژیان، ئازادی" ڕاگیراوە.
هەروەها ئاژانسی هەواڵی خوێندکارانی ئێران (ئیسنا) لە زاری ناوبراوەوە بڵاوی کردووە کە ئێمە هەمیشە پاڵپشتیی خوێندکاران و مامۆستایانی زانکۆی ئەلزەهرا دەکەین و سەرەڕای ئەوەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکاندا ڕادەگەیەنرێت، ژمارەی خوێندکارە هەڵپەسێردراوەکانی ئەم زانکۆیە کەمە.
بەڵام دوای ئەوەی کە بزووتنەوەی ژینا لە ساڵی ١٤٠١ دەستی پێ کرد و ئەو ناڕەزایەتییانە پەلی هاویشت بۆ زانکۆکان، زۆرێک لە ڕاپۆرتەکان باس لە هاوکاریی بەرپرسانی زانکۆی ئەلزەهرا لەگەڵ دامەزراوە ئەمنییەکانی ڕێژیم و کردنەوەی دۆسییە بۆ خوێندکارە ژنە ناڕازییەکانی دەکەن.
زەهرا نازم بۆکایی بە چەواشەکاری خۆی لە دەرکردن و هەڵپەساردنی خوێندکاران بێبەری کرد و لە قسەکانیدا وتی کە یەک یان دوو کەس لە خوێندکارانی زانکۆی ئەلزەهرا بەهۆی دۆسییەی ئەمنییەوە لە خوێندن هەڵپەسێردراون و ئەم سزایە پەیوەندیی بە زانکۆوە نییە؛ بەڵکو ناوەندە باڵاکان ئاگاداری دۆسییەکەن؛ چونکە ئەم کەسانە پەیوەندییان لە گەڵ دەرەوەی وڵات هەبووە و لێکۆڵینەوە لە دۆخەکەیان لە دەسەڵاتی ئێمەدا نییە.
هەروەها سەرۆکی زانکۆی ئەلزەهرا لەبارەی ژمارەی خوێندکارانی هەڵپەسێردراو وتیشی: لە ماوەی ساڵێک یان دوو ساڵی ڕابردوودا، ڕەنگە خوێندنی ٣٠ خوێندکاری زانکۆی ئەلزەهرا ڕاگیرابێ، کە ژمارەیەکی بەرچاو نییە بە بەراورد بە ژمارەی ١٠ هەزار خوێندکاری ئەم زانکۆیە.
زانکۆی ئەلزەهرای تاران تەنیا زانکۆیەک نییە کە لە دوو ساڵی ڕابردوودا لەگەڵ دامەزراوە ئەمنیەتی و دادوەرییەکانی ڕێژیم لە سەرکوتی خوێندکارانی ناڕازی دەستی هەبووە. بەڵکوو ساڵی ڕابردوو کەناڵی تێلێگرامی "خوێندکارانی یەکگرتوو"، بە دروستکردنی کەمپەینێک لە ژێر ناوی "باسی هەڵپەساردن بکە"، چیرۆکی خوێندکارانی زانکۆکانی ئەلزەهرا، ئێسفەهان، سەنعەت و مەعدەن، زانکۆی هونەر و زانکۆی بەهەشتیی تارانی بڵاو کردەوە و ئەوە دەردەخەری ئەوەیە کە دەرکردنی بڕیاری هەڵپەساردن و قەدەغەکردنی خوێندنی خوێندکاران لە ماوەی دوو ساڵی دوای ڕاپەڕینی ژینا بە شێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە.
بەپێی ئامارە نافەرمییەکان، تا مانگی بەفرانباری ساڵی ١٤٠٢ لانیکەم لە ١٥ زانکۆی ئێراندا، چوون و خوێندنی زیاتر لە هەزار خوێندکار بۆ زانکۆ قەدەغە کرا و ٦٠٠ خوێندکاریش هەڵپەسێردران.
ئامارە ڕاستەقینەکان زۆر لەوە زیاترن، چونکە بەگوێرەی سەرچاوە خوێندکارییەکان، بەشێک لە خوێندکارە هەڵپەسێرداوەکان ئامادە نین زانیارییەکانیان بخەنەڕوو و بناسرێنەوە، هەروەها زۆرێکیان ناچارن بەهۆی هەڕەشەکانی بەرپرسانی زانکۆ و دامەزراوە ئەمنییەکان ڕووبەڕووی هەر سزایەک ببنەوە کە لەلایەن کۆمیتەی ئینزیباتیی زانکۆوە بە سەریان دەسەپێ و بێدەنگ بن.