کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆچی دوایی پێشمەرگەیەکی دێرینی حیزب لە وڵاتی سوید

10:33 - 24 رەزبەر 2724

ئێوارەی دووشەممە، ٢٣ی ڕەزبەر، پێشمەرگەی دێرین و ئەندامی دڵسۆز و وەفاداری حیزبەکەمان، کاک مووتەلیب حەریقی ناسراو بە خاڵە مووتەلیب، لە تەمەنی ٨٨ ساڵیدا و بەهۆی نەخۆشییەوە لە شاری ستۆکهۆڵمی پایتەختی وڵاتی سوید کۆچی دوایی کرد.

 

خاڵە مووتەلیب لە شاری بۆکان لە بنەماڵەیەکی نیشتمانپەروەر و خۆشناو چاوی بە دنیا هەڵێناوە.

دوای تەواکردنی قۆناخی سەرەتایی خوێندن ڕوو لە کار و کاسبی دەکات و لە تەمەنی لاویدا دوای جوانەمەرگکرانی کۆماری کوردستان کە زوڵم و زۆری دەسەڵاتی ڕێژیمی پاشایەتی دەبینێ ئێران بەجێ دێڵێ و ڕوو لە عێراق دەکات، لەوێش هاوکار و پشتیوانی شۆڕشی کوردەکانی باشووری کوردستان دەبێت، بۆ چەندین ساڵ لە وڵاتەکانی عێراق و کوەیت و ئیمارات خەریکی کارکردن دەبێت و لەگەڵ سەرهەڵدانی ڕاپەڕینی گەلانی ئێران دەگەڕێتەوە شاری بۆکان و دەبێت بە پێشمەرگە.

لە ژیانی پێشمەرگایەتیدا لە شاری بۆکان ئەرکی جۆراوجۆری حیزبی وەئەستۆ دەگرێ و دەبێتە سیمایەکی خۆشەویست و جێی متمانەی هاوڕێیان و خەڵکی شارەکەی. لە شەڕی سێ مانگەدا بە سەختی بریندار دەبێ و دواتر لەسەر ڕاسپاردەی دەفتەری سیاسی دەگوێزرێتەوە بۆ بنکەی پەیوەندییەکان و بەپێی شارەزایی باشی لە زمانی عەرەبی وەک هاوکارێکی ماندوونەناسی بەشی پەیوەندییەکان بەتایبەتی لە شاری بەغدا چالاکانە تێکۆشانی حیزبی خۆی بەڕێوە دەبات.
خاڵ مووتەلیب کادرێکی جێی متمانەی ڕێبەرانی حیزب و لەڕاستیدا هاوپۆلی قۆناخی سەرەتایی خوێندنی شەهید دوکتۆر شەرەفکەندیش بوو، کە خۆشەویستی و وەفاداری ئەوی بەرامبەر بە ڕێبازی شەهیدان و حیزبی دێموکرات چەند قات کردبووەوە.
خاڵە موتەلیب لەسەر پێشنیاری حیزب ڕەوانەی دەرەوەی وڵات دەکرێ و زیاتر لە ٢٥ ساڵە لە وڵاتی سوید نیشتەجێیە و لە تەواوی ئەو ساڵانەشدا بێ دوودڵی ئەندامێکی چالاک بووە و بەشداری لە کۆڕ و کۆبوونەوە حیزبییەکاندا کردووە.

بەداخەوە چەند ساڵێک بوو نەخۆشی بڕستی لێ بڕیبوو بەڵام دڵ و هۆش و بیری هەر لای هاوڕێیان و حیزبەکەی بوو و هەردەم ئاواتی سەرکەوتن و دووبارە بە ئازادی گەڕانەوەی بۆ زێد و نیشتمانەکەی دەخواست.

 

ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بەم بۆنەوە سەرەخۆشی لە بنەماڵە و خزم و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.