کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گەمارۆی نوێی یەکیەتیی ئورووپا و بریتانیا بۆ سەر ١٤ کەس و دامەزراوەی ڕێژیمی ئێران

10:34 - 24 رەزبەر 2724

یەکیەتیی ئورووپا و بریتانیا لە نوێترین گەمارۆکانی خۆیدا لە دژی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، بە جیا چەندین دامەزراوە و کەسی پێوەندیدار بەم ڕێژیمەیان خستە نێو لیستی گەمارۆکانەوە.

ڕۆژی دووشەممە ٢٣ی ڕەزبەر سێ هێڵی ئاسمانیی ''ئێران ئەیر، ماهان ئەیر و سەها''، بەهۆی گواستنەوەی مووشەک و دڕۆن دروستکراوی ڕێژێمی ئێران و تێکنۆلوژی پەیوەندیدار بۆ ڕووسیە بۆ بەکارهێنانی لە شەڕی دژی ئۆکراین، گەمارۆیان خرایە سەر.

هەروەها سەید حەمزە قەلەندەری، جێگری وەزیری بەرگریی ڕێژیم، بەهۆی بەشداریکردنی لە پەرەپێدانی بەرنامەی دڕۆنی و مووشەکیی کۆماری ئیسلامی لەلایەن ئەم یەکیەتییەوە گەمارۆ دراوە.

بەپێی ئەم گەمارۆیە، داراییەکانی سێ هێڵی ئاسمانی و جێگری وەزیری بەرگریی ڕێژیم لە یەکیەتیی ئورووپا بلۆکە کراوە.

شایانی باسە کە دوابەدوای ئەم گەمارۆیانە، گەشتی فڕینەکانی ئەم شیرکەتە فڕۆکەوانییانە بۆ یەکیەتیی ئورووپا هەڵوەشاوەتەوە.

لەلایەکی دیکەوە، لە هەوڵێکی هاوشێوەدا، بریتانیا گەمارۆی نوێی بەسەر دوو دامەزراوە و حەوت بەرپرسی سەر بە کۆماری ئیسلامیدا سەپاند.

بەو پێیە بەرپرسانی وەک: عەبدولڕەحیم مووسەوی، فەرماندەی گشتیی سپای پاسداران، محەممەدحوسێن دادرەس جێگری فەرماندەی گشتیی سپا، حەمید وەحیدی فەرماندەی هێزی ئاسمانی ئەرتەش، محەممەد کازمی بەرپرسی ڕێکخراوی ئیتلاعاتی سپای پاسداران، حەبیبوڵڵا سەیاری، بەرپرسی ستادی هاوبەشی ئەرتەش، عەلی محەممەد نائینی، وتەبێژی سپای پاسداران و حوسێن پوورفەرزانە، ئەندازیاری باڵای نووسینگەی داڕشتنی سیستمی هێزی بزوێنەری فەرزانەگان لەلایەن بریتانیاوە خرانە نێو لیستی گەمارۆکانەوە.

دەیوید لمی، وەزیری دەرەوەی بریتانیا، وێڕای ئاماژەدان بە کردەوە ناسەقامیگیر و شەڕەنگێزەکانی کۆماری ئیسلامی و گرووپە نیابەتییەکانی، وتی: ''دوابەدوای هێرشی ڕێژیمی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل بە مووشەکی بالستیک، لێپرسینەوە لەم ڕێژیمە دەکەین و ئاسانکارانی ئەو کردەوانە ئاشکرا دەکەین.''