کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئوسترالیا سزای بەسەر چەند بەرپرسێکی بەرنامەی مووشەکیی ڕێژیمی ئێراندا سەپاند

10:42 - 24 رەزبەر 2724

وەزیری دەرەوەی ئوسترالیا ڕۆژی سێشەممە ٢٤ی ڕەزبەر ڕایگەیاند کە وڵاتەکەی لە کاردانەوە بە هێرشەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر ئیسرائیل، پێنج بەرپرسی بەرنامەی مووشەکیی ئێرانی گەمارۆ و سزا دا.

پێنی وانگ وەزیری دەرەوەی ئوسترالیا وتی، بە پشتبەستن بەو سزایانە، دوو بەڕێوەبەر و بەرپرسێکی باڵای ڕێکخراوی فڕۆکەوانی کۆماری ئیسلامی ئێران، بەڕێوەبەری گرووپی پیشەسازی " باقری" و بەڕێوەبەری بازرگانی گرووپی پیشەسازی "هێمەت "، چوونە ناو لیستی گەمارۆکانی ئوسترالیا و سەروەت و سامانەکانیان لە ئوسترالیا بلۆکە دەکرێت.

ئەم کردەوەیە دوای ئەوەی کە ئەمریکا، یەکیەتیی ئورووپا و بریتانیا، لە بەرامبەر هێرشی مووشەکیی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر ئیسرائیل، سزای هاوشێوەیان بەسەر ژمارەیەک کەسی بەشداربوو لە بەرنامە نیزامییەکانی ڕێژیمی ئێراندا سەپاند، ئەنجام دراوە.

پێنی وانگ هێرشە مووشەکییەکانی ١٠ی ڕەزبەری ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران بۆ سەر ئیسرائیلی بە خاڵی دەستپێکی شەڕێکی بەرفراوانتری ناوچەیی زانی و وتی: بەرنامەی مووشەکیی ئێران ئێستا هەڕەشەیەکی جیددی بۆ سەر ئاسایشی ناوچەکە و هەموو جیهانە.

هەروەها ناوبراو وتی وڵاتەکەی لە تێکچوونی خێرای دۆخی ئەمنی ئیسرائیل و ناوچەی فەلەستینییەکانە و مەترسییەکانی هێرشی سەربازی و تیرۆریستی دژی بەرژەوەندییەکانی ئیسرائیل لە ناوچەکە بە جددی دەزانێت و نیگەرانە.

بە وتەی وەزیری دەرەوەی ئوسترالیا، بە جێبەجێکردنی ئەم سزا نوێیانە، کۆی ئەو سزایانەی کە لەلایەن ئوسترالیاوە لە دژی کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی ڕاگەیەندراون گەیشتووەتە ٢٠٠ حاڵەت.