کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هۆشداریی بایدێن و کۆشکی سپی سەبارەت بە هەوڵەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ کوشتنی دۆناڵد ترامپ

11:00 - 24 رەزبەر 2724

پاش دەسبەسەرکرانی کەسێکی دیکە بە گومانی تێرۆرکردنی دۆناڵد ترامپ، جۆ بایدێن سەرۆککۆماری ئەمریکا ڕایگەیاندووە کە هەرچەشنە هەوڵێک لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە بۆ کوشتنی ترامپ، کردەوەیەکی شەڕکەرانە دێتە ئەژمار.

ڕۆژی ڕابردوو پۆلیسی ئەمریکا لە ویلایەتی کالیفۆڕنیا باسی لەوە کرد کە کەسێکیان بە گومانی کوشتنی دوناڵد ترامپ لە نزیکی شوێنی قسەکردنی ناوبراودا دەسبەسەر کردووە.

پۆلیس زیادی کردووە کە ئەم کەسە چەند بەڵگەنامەی ساختەیی و لەکاتی دەسبەسەرکردنیدا دوو چەکی جۆری ساچمەیی پێ بووە.

ئەمە جاری یەکەم نییە کە هەوڵی تێرۆرکردنی دۆناڵد ترامپ لەلایەن پۆلیسی ئەمریکاوە پووچەڵ دەکرێتەوە، بەپێی ڕاگەیەندراوە فەرمییەکانی پۆلیسی ئەمریکا، لە ماوەی ڕابردوودا دوو جاری دیکە هەوڵەکان بۆ کوشتنی سەرۆککۆماری پێشووی ئەمریکا پووچەڵ کراوەتەوە.

لەم پێوەندییەدا کۆشکی سپی لە بەیاننامەیەکدا وێڕای ئاماژەدان بەوەی کە ساڵانێکە هەڕەشەکانی کۆماری ئیسلامی بەنیسبەت ترامپ بە وردی چاوەدێری دەکات ڕایگەیاندووە "هەر چەشنە هێرشیک لەلایەن ئێرانەوە بۆ سەر هاووڵاتییانی ئەمریکایی، توندترین لێکەوتەکانی بەدواوە دەبێت".

بەیاننامەکە زیادی کردووە کە هەڕەشەکانی کۆماری ئیسلامی مەحکووم دەکات و بەرەوڕووبوونەوە لەگەڵیاندا بە بابەتێکی سەرەکی و گرینگ لە ئەمنییەتی نەتەوەییدا دەزانێت.

هەر لەم پێوەندییەدا کاناڵی فاکس نیووزی ئەمریکا ڕایگەیاندووە کە جۆ بایدێن فەرمانی داوەتە شۆرای ئەمنییەتی نەتەوەیی ئەمریکا تاکوو بۆ کۆماری ئیسلامی ڕوون بکاتەوە هەرچەشنە هەوڵێک بۆ کوشتنی دۆناڵد ترامپ، لەلایەن دەوڵەتی ئەمریکاوە وەک کردەوەیەکی شەڕکەرانە دێتە ئەژمار.

کۆماری ئیسلامیی ئێران سەبارەت بە کوشتنی قاسم سلێمانی فەرماندەی پێشووی لقی قودسی سپای پاسداران، دۆناڵد ترامپ، مایک پۆمپیۆ و جان بۆڵتۆن بە بەرپرسیار دەزانێت و چەند جارێکیش هەڕەشەی تۆڵەی خوێنی ناوبراوی لەم سێ کەسە کردووە.

 

 

سلێمانی ڕێکەوتی ١٣ی بەفرانباری ساڵی ١٣٩٨ی هەتاوی بە فەرمانی ڕاستەوخۆی دۆناڵد ترامپ سەرۆککۆماری ئەوکاتی ئەمریکا، لە فڕۆکەخانەی بەغداد کوژرا.

ترامپ پاش کوشتنی قاسم سلێمانی ڕایگەیاند کە ئەمریکا تێرۆریستی ژمارە یەکی جیهانی کوشت.