کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مەترسیی دیپۆرتکردنەوەی دوو پەنابەری سیاسیی کورد بۆ ئێران

11:33 - 24 رەزبەر 2724

فەهمیدە (ئەژین) حوسێنی و ڕەشاد محەممەدی، دوو پەنابەری سیاسی کوردن، کە پێشتر لەلایەن پۆلیسی تورکیە لەو وڵاتە دەسبەسەر کرابوون و بۆ کەمپی پەنابەران گوازرابوونەوە، لە ئیستادا سەرەڕای نالەباربوونی دۆخیان بڕیاری دیپۆرتکردنەوەیان بۆ ئێران بووەتەوە مەترسییەکی جیددی.

بەپێی دوایین زانیارییەکان ناوبراوان لە کەمپی "ئەدرنە"ەوە بۆ کەمپی "پەهلەوان کۆیی" لە "کلکئەلیار" کە سەر بە ئیدارەی کۆچ و کۆچەبەرانی وڵاتی تورکیەیە گوازراونەتەوە.

ئەژین حوسێنی لە پێوەندیەکی تلفۆنییەیدا کە دەنگەکەی بڵاو کراوەتەوە باس لە نالەباربوونی دۆخی خۆیان دەکات کە لەژێر گۆشار و مەترسییەکی زۆردان، و سەرەڕای مەترسیی دپیۆرتکردنەوەیان بۆ ئێران، لەلایەن ماموورانی ئەو کەمپانەوە ئازار دەدرێن و ڕاستەوخۆ پێیان ڕاگەیندراوە کە ئێوە بۆیە گوازراونەتەوە بۆ ئەم کەمپە کە دیپۆرت بکرێنەوە.

هەروەها ناوبراو لە بەشێکی دیکە لە قسەکانیدا دەڵێ کە دۆخی دەروونیان ناجێگیرە و گوشارێکی زۆریان لەسەرە و گەر دۆخیان هەر بەو شێوەیە بێت ئەوە خۆی بە ناچاری داوای دیپۆرت کردنەوە دەکات.

ئەژین حوسێنی و ڕەشاد محەممەدی پەنابەر و چالاکی سیاسین و زیاتر لە ٥ مانگە کە لەو دۆخە نالەبارەدان و لە کەمپەکانی پەنابەرانی تورکیەدا ماونەتەوە و لەژێر هەڕەشەی دیپۆرت کردنەوەدان.

بڕیاری دیپۆرتکردنەوەی ئەم ژن و مێردە لە کاتێکدایە کە پێشینەی چەند ساڵ چالاکی سیاسییان هەیە و ئەگەر دیپۆرت بکرێنەوە بۆ ئێران، مەترسی دەسبەسەرکردن و ئەشکەنجەدان و سەپاندنی سزای قورسیان لەسەرە.