کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر باکووری لوبنان ٢١ کوژراوی لێ کەوتەوە

11:52 - 24 رەزبەر 2724

لە هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر گوندی ئیتو لە باکووری لوبنان ٢١ کەس کوژران و هەشت کەسیش بریندار بوون.

خەڵکی ئەو گوندەی نزیک شاری ترابلۆس کە بەشی هەرە زۆریان مەسیحیی مارونین وتوویانە لەم دواییانەدا کەسانێکی زۆر لە باشووری لوبنانەوە ڕوویان لەوێ کردووە و ماڵیان بە کرێ گرتووە و ئیسرائیل لەبابەت ئەو هێرشەوە هیچ هۆشدارییەکی نەدابوو.

هێرش بۆ سەر ئەم گوندە لە کاتێکدا ئەنجام دراوە کە بێنیامین نێتانیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ڕایگەیاندووە، "بەبێ هیچ بزەییەک لە هەموو شوێنێکی لوبنان، لەوانە بەیرووت لە  هێرش بۆسەر حیزبوڵڵا بەردەوام دەبن ".

قسەکانی نێتانیاهوو لە کاتی سەردان بۆ ئەو بنکە سەربازییەی ئیسرائیل بوو کە شەوی یەکشەممە لەلایەن دڕۆنەکانی حیزبوڵڵای لوبنان کرایە ئامانج و بەو هۆیەوە ٤ سەربازی ئیسرائیلی کوژران و چەندین کەس بریندار بوون.

هەروەها حیزبوڵڵا دەڵێت کە پێکدادانی قورس لەگەڵ هێزەکانی ئیسرائیل لە باشووری لوبنان بەردەوامە.

ئەرتەشی ئیسرائیل دەڵێت لێکۆڵینەوە دەکەن کە چۆن دڕۆنەکانی حیزبوڵڵا توانیویانە سیستمی بەرگریی ئاسمانیی ئیسرائیل دەور لێ بدەنەوە و هێرش بکەنە سەر دامەزراوەی ڕا‌هێنانی پایەگایەکی ئیسرائیل.

لە دەستپێکی هێرشی زەوینیی ئیسرائیل، لانیکەم ١٤ سەربازی ئیسرائیلی کوژراون، لە بەرامبەردا بە وتەی ئیسرائیل، سەدان چەکداری حیزبوڵڵا کوژراون، نیوەی جبەخانە سەربازییەکان تەقێندراوەتەوە و دەیان توونێلیان وێران کردووە.