کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نەتەوە یەکگرتووەکان: ژمارەی پەنابەران لە سەرانسەری جیهان گەیشتووەتە ١٢٣ میلیۆن کەس

19:13 - 24 رەزبەر 2724

فیلیپۆ گراندی، کۆمیساری باڵای پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند، بە شێوەیەکی بێوێنە ژمارەی ئەو کەسانەی بەهۆی شەڕ و سەرکوت و هەژاری و گۆڕانی کەشوهەوا لە سەرانسەری جیهاندا ئاوارەبوون زیادی کردووە و لە ئێستادا ئەو ژمارەیە گەیشتووەتە ١٢٣میلیۆن کەس.

گراندی لە ٢٣ی خەرمانان لە کۆبوونەوەی ساڵانەی کۆمیساریای باڵای پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ژێنێڤ هۆشداری دا کە گرتنەبەری ڕێوشوێنی توند لەلایەن هەندێک وڵاتەوە بۆ توندکردنەوەی کۆنترۆڵی سنوورەکانیان بە تەنیا ناتوانێت قەیرانی کۆچبەری چارەسەر بکات.

ناوبراو لە لێدوانێکیدا بۆ زیاتر لە ١٠٠ دیپلۆماتکار و وەزیر کە لە کۆبوونەوەکەدا ئامادەبوون، وتی پێویستە چارەسەری بنەڕەتی بۆ پرسی پەنابەران و ئاوارەیی بدۆزینەوە.

 کۆمیساری باڵای پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕەخنەی لە هەندێک وڵاتیش گرت کە خەریکی ڕاگرتنی بەرنامەکانی پەنابەرانن و ئەو جۆرە کارانەی بە پێشێلکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکان ناو برد و ئاماژەی بەوەش کرد، پێویستە وڵاتان هەوڵ بدەن پلانی دادپەروەرانە و خێرا و یاسایی بۆ چارەسەرکردنی کێشەی پەنابەران بدۆزنەوە.

کۆمیساری باڵای پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان سەبارەت بە پەرەسەندنی گرژییەکانی لوبنان هۆشداری دا و ڕایگەیاند، بەهۆی ململانێکانی ئێستاوە زیاتر لە یەک میلیۆن کەس لەم وڵاتە ئاوارە بوون و لەو ژمارەیەش ٢٧٠ هەزار کەسیان بەرەو سووریە هەڵاتوون.

گراندی زیادی کرد بە دڵنیاییەوە ئەگەر هێرشە ئاسمانییەکان بەردەوام بن، زۆر کەسی دیکەش ئاوارە دەبن و هەندێکیش بڕیار دەدەن بچنە وڵاتانی دیکە.

لەبارەی ئەم هێرشانەوە ڕۆژی ٢٢ی ڕەزبەر، ماڵپەڕی هەواڵی وای نێت بڵاوی کردەوە، ئیسرائیل لەسەر داوای جۆ بایدێن، سەرۆکی ئەمریکا هێرشە ئاسمانییەکانی بۆ سەر بەیرووت ڕاگرتووە.

بەڵام لە لایەکی دیکەوە ماڵپەڕی تایمزی ئیسرائیل لە زاری بەرپرسێکی ئەم وڵاتەیەوە نووسیویەتی کە ئیسرائیل ئازادیی کارکردنی خۆی لە سەرتاسەری لوبنان دەپارێزێت و هەر جێگایەک بە پێویست بزانێ دەکاتە ئامانج کە ئەمەش ڕەوتی زیادبوونی پەنابەران و ئاوارەکان چەند قات دەکات.