کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کاردانەوەکان سەبارەت بە هێرشی مووشەکیی دووبارەی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر خاکی ئیسرائیل

11:42 - 11 رەزبەر 2724

هێرشی مووشەکیی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ سەر خاکی ئیسرائیل کاردانەوەی بەربڵاوی لە ئاستی جیهاندا لێ کەوتەوە.

پاش کوژرانی حەسەن نەسروڵڵا و زۆربەی فەرماندەکانی حیزبوڵڵای لوبنان و دەسپێکی هێرشی زەمینی ئیسرائیل بۆ سەر خاکی لوبنان، سپای پاسداران بۆ کەمکردنەوەی گوشاری میلیشیاکانی سەبارەت بە وڵامنەدانەوە بە ئیسرائیل، ڕۆژی ڕابردوو بە ٢٥٠ مووشەکی بالستیک ڕاستەوخۆ لە نێو ئێرانەوە، ئیسرائیلی کردە ئامانج.

لە یەکەمین کاردانەوەکانی بەرپرسانی باڵای ئیسرائیلی سەبارەت بەم هێرشە، بێنیامین نێتانیاهوو سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە هەڕەشەیەکدا ڕوو لە کۆماری ئیسلامی ڕایگەیاند کە هەر کەس هێرش بکاتە سەرمان دەیکەینە ئامانج و ئەوە لۆژیکە بۆ بەرەی شەرئاژۆی ئێران.

ناوبراو هێرشەکەی شەوی ڕابردووی ئێرانی بە "هەڵەی گەورە" لە قەڵەم دا و زیادیشی کرد کە وڵامەکەی دەبیننەوە.

هێرتزی هاڵوی بەرپرسی ستادی ئەرتەشی ئیسرائیل لە یەکەمین کاردانەوەی خۆیدا وتی: "ئێمە کاتی دروست بۆ وڵامدانەوە هەڵدەبژێرین و هێرشی وردبینانە و دروستی خۆمان بە ئیران نیشان ئەدەین".

هەروەها وەزیری بەرگریی ئیسرائیل بە ئاماژەدان بە سەرکەوتنی ئیسرائیل لە پاراستنی خۆیدا لەهەمبەر مووشەکەکانی ئێران ڕایگەیاند کە کۆماری ئیسلامی هێشتا ئەو وانەیە باش تێنەگەیشتووە کە هەر کەس هێرش بکاتە سەر ئیسرائیل، دەبێت تێچووێکی قورس بدات.

سەرۆکی پارلەمانی ئیسرائیلیش لە کاردانەوە بەم هێرشە لە هەژماری ئیکسی خۆیدا نووسی کە خامنەیی بەم کارەی دەبێت، سڵاو لە کۆتایی خۆی بکات.

هاوکات نەفتالی بێنێت سەرۆکوەزیرانی پێشووی ئیسرائیل باسی لە دەرفەتی مێژوویی ئیسرائیل بۆ گۆڕینی ڕوخساری ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست کردووە.

ناوبراو پاش ئەم هێرشە لە هەژماری ئیکسی خۆیدا نووسی: "ئیسرائیل لە ئیستادا باشترین دەرفەتی لە ٥٠ ساڵی ڕابردوودا تاکوو ئێستا بۆ گۆڕینی ڕوخساری ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست هەیە و کۆماری ئیسلامی کە پێشتر لە چنینی مۆرەکانی لێزان بوو بەم هێرشە هەڵەیەکی گەورەی ئەنجام دا".

ناوبراو زیادی کردووە کە ئیسرائیل دەبێت هێرش بکاتە سەر بەرنامە ئەتۆمییەکانی ئێران و بەوتەی خۆی سەری ئۆختاپووس بپەڕێنێت.

لەلایەکی دیکەوە سەرۆک و ڕێبەرانی وڵاتانی ڕۆژاوایی وێڕای محکوومکردنی هێرشە مووشەکییەکەی کۆماری ئیسلامی، پشتیوانیی خۆیان لە ئیسرائیل ڕاگەیاندووە.

لەم پێوەندییەدا کیێر ئێستارمێر سەرۆکوەزیرانی بریتانیا ڕایگەیاند کە کۆماری ئیسلامی سەردەمانێکە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستی خستووەتە ژێر مەترسییەوە و ئاڵۆزی و بشێویی نە تەنیا بۆ ئیسرائیل بەڵکوو بۆ خەڵکی لوبنان و شوێنەکانی دیکەش دروست کردووە.

ناوبراو زیادی کردووە کە بریتانیا بێگومان بەتەواوەتی لەهەمبەر توندوتیژییەکی وەهادا دەوەستێتەوە.

جۆ بایدێن سەرۆککۆماری ئەمریکا لە یەکەم کاردانەوەدا سەرەڕای ئەوەی کە هێرشەکەی ئێرانی بە هێرشێکی ناچالاک و بێئاکام لە قەڵەم دا، پشتیوانیی خۆی بۆ ئیسرائیل دووپات کردەوە.

بایدێن زیادیشی کرد کە شۆرای ئەمنییەتی کۆشکی سپی بە بەردەوامی لەگەڵ ئیسرائیل لەپێوەندیدایە و لەسەر چۆنییەتی وڵامدانەوە بە ئێران، لە ڕاوێژدان.