کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆماری ئیسلامی لە سەردەمی جۆ بایدێن ٢٠٠ میلیارد دۆلار داهاتی نەوتی قاچاخی بووە

19:15 - 24 رەزبەر 2724

بڵاوکراوەی واشینگتۆن فری بیکێن لە ڕاپۆرتێکدا پەرژاوەتە سەر داهاتی ٢٠٠ میلیارد دۆلاریی کۆماری ئیسلامی لە فرۆشی نایاسایی نەوتی ئێران لەکاتی سەرۆککۆماریی جۆ بایدێندا.

لەم ڕاپۆرتەدا هاتووە، داهاتە نەوتییەکانی کۆماری ئیسلامی بەشێوەی نایاسایی، بەهۆی بەڕێوەبردنی لاوازی گەمارۆکانی ئەمریکا لەلایەن دەوڵەتی بایدێنەوە، گەیشتووەتە ٢٠٠ میلیارد دۆلار و زیادی کردووە کە تاران لەم ڕێگەوە پارەی پێویستی بۆ شەڕی یەک ساڵی ڕابردوو بە دژی ئیسرائیل دابین کردووە.

فری بیکێن ڕایگەیاندووە بەپێی یاسایەک کە لە خاکەلێوەی ئەمساڵدا لەلایەن کۆنگرەوە پەسەند کراوە، دامەزراوەی زانیارییەکانی وزەی ئەمریکا ئەرکدارە کە داهاتە نەوتییەکانی کۆماری ئیسلامی بەراورد بکات و هەروەها ڕاپۆرتێکی فەرمی لە ئاکامی چوار ساڵ بەڕێوەبردنی گەمارۆکان لەلایەن دەوڵەتی بایدێنەوە ڕادەستی کۆنگرە بکات.

ئەم دامەزراوە لە ڕۆژانی ڕابردوودا ڕاپۆرتەکەی ڕادەست کردووە کە بەپێی ئەو ڕاپۆرتە کۆماری ئیسلامی لە ساڵی ٢٠٢١ی زایینی و تەنیا لە یەک ساڵ لە تێپەڕبوونی دەوڵەتی بایدێن ٣٧ میلیارد دۆلار داهاتی نەوتی بووە.

ئەمە لەکاتێکدایە کە ساڵێک پێشتر و لە دەوڵەتی دۆناڵد ترامپدا، کۆماری ئیسلامی تەنیا توانیویەتی ١٦ میلیارد دۆلار داهاتی فرۆشی نایاسایی نەوتی هەبێت.

ئەم بڵاوکراوە لە بەشێکی دیکەی ڕاپۆرتەکەدا و بە پشتبەستن بە ئامارەکانی دامەزراوەی زانیارییەکانی وزەی ئەمریکا نووسیویەتی: "ئەم ژمارانە دەتوانێت بە باشی ڕوونی بکاتەوە کە ڕەخنەکان لە دەوڵەتی بایدێن و هەریس بۆ گرژییەکانی ئێستای ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست، لەجێی خۆیدایە".

واشینگتۆن فری بیکێن لە درێژەدا باسی لەوە کردووە کە داهاتی فرۆشی نایاسایی نەوتی ئێران یارمەتیدەری کۆماری ئیسلامی بووە تاکوو گرووپەکانی حەماس و حیزبوڵڵای لوبنان پڕچەک بکات.

کۆماری ئیسلامی لە ڕێگەی "ناوگانی ئەرواح" واتا ئەو کەشتییە نەوتکێشانەی کە سیستمە ڕادارییەکانیان دەکوژێننەوە و ناو و نیشانێکی دروستیان نییە، بەرپەرچی گەمارۆکانی ئەمریکا ئەداتەوە و ڕۆژانە میلیۆنها بەرمیل نەوت بە نرخێکی کەمتر هەناردەی چین، سووریە، ڤێنۆزۆئێلا و هێندێک لە وڵاتانی دیکەی ناوچەکە دەکات.