کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چاوەدێری مافی مرۆڤ: یاسای نوێی حیجاب سزاکان دژی ژنان توندتر دەکاتەوە

19:17 - 24 رەزبەر 2724

چاوەدێری مافی مرۆڤ لە نوێترین ڕاپۆرتی خۆیدا باسی لە وردەکارییەکانی یاسای "حیجاب و عیفاف" کردووە کە بڕیارە بەم زووانە بچێتە قۆناغی جێبەجێکردنەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی چاوەدێری مافی مرۆڤ، هاوکات لەگەڵ جێبەجێکرانی ئەم یاسایە، ژنان دەبێ سەبارەت بە ڕەچاونەکردنی حیجابی زۆرەملێ چاوەڕێی سزاکانی وەک پێبژاردنی نەختیی زۆر گران، بەندکرانی درێژماوە و بێبەریکران لە سەفەر بن کە ئەمە دەتوانێ پارەیەکی زۆر بخاتە گیرفانی جێبەجێکارانی ئەم سزایانەوە.

گەڵاڵە یاسای "پشتیوانی لە بنەماڵە بە سەرنجدان بە پەرەدان بە فەرهەنگی عیفاف و حیجاب" و ناسراو بە "حیجاب و عیفاف" لە ٢٧ی خەرمانانی ئەمساڵدا و لە بەرەبەری دووهەمین ساڵوەگەڕی شەهیدکرانی ژینا ئەمینی و دەسپێکی بزووتنەوەی ژینا، لەلایەن شۆرای نیگەهبانەوە پەسەند کرا و بڕیار وا بوو لە دەوڵەتی پزشکیاندا جێبەجێ بکرێت.

ئەم یاسایە ژمارەیەک سزای بۆ جێبەجێکردنی حیجابی زۆرەملێ هێناوەتە گۆڕێ کە بە دیاریکراوی لە ڕووی ڕەگەزییەوە دیاری کراون و بەم پێیە کۆمەڵێک سزا دیاری کراون کە پێبژاردنی نەختی و بەندکرانی درێژماوە، سنووردارکردنی سەفەر و هاتوچۆ و دەرفەتی کار و پەروەردەش لەخۆ دەگرێ.

بە وتەی ئەم ڕێکخراوە، ئەم سنووردانانە لەلایەن ڕێژیمەوە نە تەنیا بە مەبەستی کۆنتڕۆڵکردنی زیاتری جەستەی ژنان بەڵکوو ئەتوانێ قازانجێکی مادیی زۆریش بخاتە گیرفانی کاربەدەستانی ڕێژیمەوە.

لەم ڕاپۆرتەدا ئاماژە بەوە کراوە کە ئەم گەڵاڵەیە لە ٧١ بڕگە پێکهاتووە و دەستی وەزارەتی ئیتلاعات، سپای پاسداران، پۆلیس و هێزی بەناو دادوەری بۆ بەدواداچوونی ژنان ئاوەڵا دەکات.

بەپێی ئەم یاسایە ئەو کاروبار و ناوەندانەش کە سەرپێچی لە جێبەجێکردنی ئەم یاسایانە بکەن، هەڕەشەیان لێ دەکرێ یان دادەخرێن.

ئەم یاسایە دەبێتە هۆی ئەوەی کە جیا لە بەهێزکردنەوەی گەشتی ئێرشاد، حیجاببانەکان و گەڵاڵەی نوور، گوشارەکان لەلایەن پیاوان و کۆمەڵگەی پیاوساڵارەوە پەرە پێ دەدەن.

لەم چوارچێوەیەدا هەر کەس لە شوێنە گشتییەکاندا بە بێ پۆششی ئیسلامی ببینرێت، لە ٢ هەتا ٥٠ میلیۆن تمەن سزای نەختی دەدرێت و ئەگەر تاوانی بە ناو بەدحیجابی دووپات بکڕیتەوە سزایەکی هەتا ١٥٠ میلیۆن تمەن، قەدەغەی چوونەدەرەوە هەتا دوو ساڵ، بێبەریکران لە چالاکیی ئۆنلاین هەتا دوو ساڵ و پێنج ساڵ بەندکران بەسەر کەسەکەدا دەسەپێت.