کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

واشینگتۆن پۆست: ئیسرائیل هێرش ناکاتە سەر دامەزراوە نەوتی و ناوکییەکانی ئێران

19:18 - 24 رەزبەر 2724

واشینگتۆن پۆست لە ڕاپۆرتێکدا ئاماژەی بەوە کردووە کە ئیسرائیل، ئەمریکا دڵنیا کردووەتەوە کە لە ئەگەری هێرش بە مەبەستی تۆڵەکردنەوە بۆ سەر ئێران، دامەزراوە نەوتی و ناوکییەکانی ڕێژیم ناکاتە ئامانج.

واشینگتۆن پۆست لە زاری چەند بەرپرسێکی ئەمریکییەوە کە شوناسیان ڕوون نەکراوەتەوە ڕایگەیاندووە کە بێنیامین نێتانیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل بە کۆشکی سپی ڕاگەیاندووە کە ئەگەر وڵامی هێرشەکەی ئێران بداتەوە، ئەم هێرشە تەنیا بۆ سەر دامەزراوە نیزامییەکانی دەبێ.

بە گوێرەی ئەم ڕاپۆرتە، دوو بەپرسی ئەمریکایی وتوویانە کە نێتانیاهوو بە دەوڵەتی بایدێنی ڕاگەیاندووە کە دەیەوێ لە جیاتی دامەزراوە نەوتی و ناوکییەکانی ئێران، هێرش بکاتە سەر بنکە نیزامییەکان و هێرشی هاوشێوە سنووردارتر و بە ئامانجی پێشگرتن لە شەڕێکی تەواو دەبێ.

دوو حەفتە بەسەر ئاخرین هێرشی مووشەکیی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر ئیسرائیل تێدەپەڕێت؛ ئەمە دووهەمین هێرشی ڕاستەوخۆی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل لە ٦ مانگی ڕابردوودا بووە.

زۆربەی کارناسان لەسەر ئەو باوەڕەن کە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەبێ خۆی بۆ وڵامی ئیستائیل ئامادە بکات و پێدەچێت ئاڵۆزییەکانی نێوان ئەم دوو وڵاتە بەرەوڕووبوونەوەی توندی نیزامیشی بەدواوە بێت.

بە وتەی کارناسان، هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر دامەزراوە نەوتیەکانی ئێران دەتوانێ نرخی سووتەمەنی و وزە گران بکات، لە حاڵێکدا کە هێرش بۆ سەر بنکە ناوکییەکان هێڵی سووری نێوان ئێران و ئیسرائیل تێک دەشکێنێت و ئاڵۆزییەکان توندتر دەکاتەوە. گەڵاڵەی ڕاگەیەندراو لەلایەن نێتانیاهوو بۆ هێرشکردنە سەر دامەزراوە نیزامییەکانی ئێران خاترجەمیی ئەمریکای لە بەربەری بەڕێوەبردنی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکۆماریدا بەدواوە دەبێت.