کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆمیتەی مافی مرۆڤی پارلەمانی ئاڵمان: پێویستە سپای پاسداران بخرێتە لیستی تێرۆرەوە

19:20 - 24 رەزبەر 2724

کۆمیتەی مافی مرۆڤی پارلەمانی ئاڵمان جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە سپای پاسداران لەلایەن یەکیەتیی ئورووپاوە بخرێتە نێو لیستی تێرۆرەوە و خوازیاری پێداگریی زیاتری لەسەر بەرەوڕووبوونەوە لەگەڵ کردەوەی هێرشبەرانەی کۆماری ئیسلامی کرد.

ڕێنێتا ئالت، بەرپرسی ئەم کۆمیتەیە لە بەیاننامەیەکدا گەمارۆ نوێیەکانی یەکیەتیی ئورووپا دژی ڕێژیمی ئێرانی بە هۆی ناردنی مووشەکی بالستیک بۆ ڕووسیە، بە کردەوەیەکی دروست زانی.

ناوبراو ڕایگەیاندووە کە تێکچوونی ژێرخانە نیزامییەکانی ئۆکراین بە کەڵکوەرگرتن لە مووشەکە بالستیکەکانی کۆماری ئیسلامی بووە.

بەپێی ئەم بەیاننامەیە، پشتیوانیی نیزامیی کۆماری ئیسلامی لە هێرشی ڕووسیە بۆ سەر ئۆکراین و هەروەها پشتیوانی لە ڕێکخراوە تێرۆریستییەکان لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست، بەردەوام دەرگیریی مەترسیداری بەدواوە دەبێ و ئاسایش و هەڕەشە لە ئەمنییەتی یەکیەتیی ئورووپا دەکات.

لەم پێوەندییەدا یەکیەتیی ئورووپا و بریتانیا لە نوێترین گەمارۆکانی خۆیدا لە دژی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، بە جیا چەندین دامەزراوە و کەسی پێوەندیدار بەم ڕێژیمەیان خستە نێو لیستی گەمارۆکانەوە.

ڕۆژی دووشەممە ٢٣ی ڕەزبەر سێ هێڵی ئاسمانیی ''ئێران ئەیر، ماهان ئەیر و سەها''، بەهۆی گواستنەوەی مووشەک و دڕۆن دروستکراوی ڕێژێمی ئێران و تێکنۆلوژی پەیوەندیدار بۆ ڕووسیە بۆ بەکارهێنانی لە شەڕی دژی ئۆکراین، گەمارۆیان خرایە سەر.

هەروەها سەید حەمزە قەلەندەری، جێگری وەزیری بەرگریی ڕێژیم، بەهۆی بەشداریکردنی لە پەرەپێدانی بەرنامەی دڕۆنی و مووشەکیی کۆماری ئیسلامی لەلایەن ئەم یەکیەتییەوە گەمارۆ دراوە.

بەپێی ئەم گەمارۆیە، داراییەکانی سێ هێڵی ئاسمانی و جێگری وەزیری بەرگریی ڕێژیم لە یەکیەتیی ئورووپا بلۆکە کراوە.

شایانی باسە کە دوابەدوای ئەم گەمارۆیانە، گەشتی فڕینەکانی ئەم شیرکەتە فڕۆکەوانییانە بۆ یەکیەتیی ئورووپا هەڵوەشاوەتەوە.