کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نامەی بایدێن بۆ ڕێبەرانی کۆنگرە سەبارەت بە کردەوەکانی ئەمریکا دوای هێرشی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر ئیسرائیل

10:25 - 25 رەزبەر 2724

سەرۆککۆماری ئەمریکا لە نامەیەکدا بۆ ڕێبەرانی کۆنگرە، باسی لە دوایین پێشهاتەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و وڵامدانەوەی ئەمریکا بۆ ئەو پێشهاتانە کرد.

جۆ بایدێن ئەم نامەیەی کە کۆشکی سپی ڕۆژی سێشەممە بە میدیایی کرد، بە هێرشی مووشەکیی کۆماری ئیسلامی لە یەکی ئۆکتۆبر بۆ سەر ئیسرائیل دەستی پێکرد.

ناوبراو کردەوەی هێزە نیزامییەکانی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی بۆ پشتیوانی لە بەرگریی ئیسرائیل لە بەرامبەر هێرشە مووشەکییەکانی کۆماری ئیسلامی بە تایبەت وەسف کرد.

بایدێن لە درێژەدا باسی لەو هەنگاوانە کرد کە بۆ بەهێزکردنی پێکهاتەی سەربازیی ئەمریکا بۆ پاراستنی هێزەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە و هەروەها ئیسرائیل گیراونەتە بەر.

سەرۆککۆماری ئەمریکا لە درێژەی نامەکەیدا باسی لە ناردنی سیستمی مووشەکی پێشکەوتووی ''تاد'' بۆ ئیسرائیل کرد و ئەم دۆخە بەرگرییەی بە پێویست زانی.

جۆ بایدێن ئاماژەی بەوە دا کە ئەو کارانەی بەپێی دەسەڵاتی یاسایی خۆی بۆ پاراستنی خەڵک و بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و لە ڕاستای پێشخستنی سیاسەتی دەرەوە و بەرژەوەندییەکانی ئەمنییەتی نەتەوەیی ئەنجام داوە.