کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە هێرشی چەکداری لە تێلاڤیڤ لانیکەم شەش کەس کوژران

11:54 - 11 رەزبەر 2724

ماوەیەکی کەم پێش ئەوەی کە ڕێژیمی ئێران مووشەک ئاراستەی ئیسرائیل بکات، پۆلیسی ئەو وڵاتە کوژرانی ٦ کەسی لە هێرشێکی گوماناویی تێرۆریستی لە نزیک تێلاڤیڤ ڕاگەیاند.

بەپێی ئاماری پۆلیسی ئیسرائیل، ئێوارەی سێشەممە ١٠ی ڕەزبەر دوو تێرۆریست لە شەقامی یەرشالیم لە نزیک تێلاڤیڤ هێرشیان کردە سەر خەڵک، ٦ کەسیان کوشت و لانیکەم ١٦ کەسیشیان بریندار کرد.

لەو ڕاپۆرتەدا هاتووە کە ئەو دوو هێرشبەرە کە بە چەکی موسەلسەل تەقەیان لە خەڵک دەکرد لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە و هاووڵاتییانی ئامادەبوو لەوێ بە بەکارهێنانی چەکی گەرم تەقەیان لێ کرا و کوژران.

بەگوێرەی زانیارییەکانی پۆلیس، ئەم دوو هێرشبەرە بە ناوەکانی "محەممەد خەلەف سەحەر ڕەجەب" و "حەسەن محەممەد حەسەن تەمیمی"، هەردووکیان دانیشتووی شاری ئەلخەلیل بوون و هاوکات بە هاوارکردنی "اللە اکبر" تەقەیان لە خەڵکی ئاسایی دەکرد.

مێگان دەیوید ئادەم، وتەبێژی باری نائاسایی نیشتمانیی ئیسرائیل بە ئاماژەدان بەم هێرشە، لە ڕاپۆرتێکدا وتی کە ژمارەیەک هاووڵاتی بە پلەی جۆراوجۆری برینداربوون و دۆخی دوو کەس لە بریندارەکان ناجێگیرە.

وێنە و ڤیدیۆ بڵاوکراوەکان چەند خولەکێک پێش هێرشە مووشەکییەکانی ئێران بەرەو ئیسرائیل دەری دەخەن کە ئەم چەکدارانە دوای دابەزینیان لە وێستگەی ترامۆی تەقە لە خەڵک کردووە و ئەم هێرشبەرانە فەلەستینی بوون.