کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆماری ئیسلامی سێیەمین دەسەڵاتی سەرکوتکەری ئینتێرنێتی ئازادە

11:23 - 25 رەزبەر 2724

کۆماری ئیسلامیی ئێران سێیەمین دەسەڵاتی لە هەموو جیهاندا کە ئینتێرنێتی ئازاد سەرکوت دەکات.

ڕێکخراوی "ماڵی ئازادی" لە نوێترین ڕاپۆرتی خۆی سەبارەت بە سەرکوتی ئینتێرنێتی ئازاد لەلایەن دەسەڵاتەکانی جیهانەوە ڕایگەیاند، کۆماری ئیسلامیی ئێران لە پلەی سێیەمی ئەم ڕیزبەندییە بۆ سەرکوتی ئینتێرنێتی ئازادە.

ئەم ڕێکخراوە نادەوڵەتییە کە بەمەبەستی پشتیوانیکردن لە دێموکراسی دامەزراوە لە ڕاپۆرتەکەیدا هێناویەتی کە بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی لەکاتی هەڵبژاردنەکانی سەرۆککۆماریی لە ئێران هەر چەشنە نێوەڕۆکێکیان لەپێوەندی لەگەڵ ناڕەزایەتییەکان، بایکۆتی هەڵبژاردنەکان و ڕەخنە لە بەربژێرانی دەستنیشانکراوی وەک تاوان لە قەڵەم داوە و هەروەها ئاماژەی بەوەش کردووە کە زۆربەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە ئێران فیلتێر کراون.

ماڵی ئازادی بە ئاماژەدان بە ڕاپۆرتی ڕێکخراوی "ئۆپێن ئەی ئای" سەبارەت بە پووچەڵکردنەوەی هەوڵەکانی ڕێژیمی ئێران لە سەرەتاکانی ئەمساڵدا بۆ کەڵکوەرگرتن لە ژیری دەستکردی "جی پی تی چەت" بەمەبەستی کاریگەری لەسەر هەڵبژاردنەکان ڕایگەیاند کە کۆماری ئیسلامی لەهەوڵدا بووە تا لە ڕێگەی ژیری دەستکردەوە بابەتە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان پەردەپۆش بکات و لە ڕێگەی هەواڵ و زانیاریی هەڵەوە بەلاڕێیدا ببات.

ڕێکخراوی ماڵی ئازادی یان فریدم هاوس لە ڕەشەمەی ساڵی ڕابردوو لە ڕاپۆرتێکی دیکەدا حکوومەتی ئێرانی وەک یەکێک لە حکوومەتە پێشێلکەرەکانی ئازادی لە قەڵەم دا و ڕایگەیاند کە ئێران وەک وڵاتێکی "نائازاد" دێتە ئەژمار.

لەو ڕاپۆرتەدا بە چڕبوونەوەی سەرکوتەکان لە ئێران پاش کوشتنی ژینا ئەمینی ئاماژە کرابوو و کۆماری ئیسلامی وەک دەسەڵاتێکی دیکتاتۆر و زاڵم لە قەلەم درابوو.