کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مەترسیی لەسێدارەدانی چوار بەندکراوی سیاسیی عەرەب

12:28 - 25 رەزبەر 2724

لە درێژەی سەرکوتی کەمینە نەتەوەییەکان و جێبەجێکرانی سزای لەسێدارەدان لەلایەن ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە، چوار بەندکراوی سیاسیی عەرەب بە مەبەستی جێبەجێکرانی سزای لەسێدارەدان ڕەوانەی ژووری تاکەکەسی کران.

بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی "کاروون" ڕۆژی سێشەممە ٢٤ی ڕەزبەر، گاردی پاراستنی بەندیخانەی ناوەندیی ئەهواز ناسراو بە شەیبان، چوار بەندکراوی سیاسیی عەرەبی ئەهوازی سزادراو بە لەسێدارەدان بە ناوەکانی عەلی موجدەم، موعین خەنفەری، محەممەدڕەزا موقەددەم و عەدنان غەبیشاویی بەمەبەستی جێبەجێکرانی سزای لەسێدارەدان ڕەوانەی ژووری تاکەکەسی بەندیخانەی سپیدار کردووە.

دادگای ئینقلابی ڕێژیم لە ئەهواز ئەم چوار بەدنکراوە سیاسییەی لەگەڵ "حەبیب دەریس" و "سالم موسەوی" بە تۆمەتی بەشداری لە کوشتنی دوو ئەندامی هێزە سەرکوتکەرەکانی بەسیج لە ئابادان و ئەندامێکی هێزی ئینتیزامی و سەربازێک لە ناوچەی بەندەری ئیمام بە لەسێدارەدان سزا دابوو.

بە پێی ڕاپۆرتی کاروون، ئەم کەسانە لە ساڵەکانی ١٣٩٦ و ١٣٩٧ لەلایەن ئیتلاعاتی ڕێژیمەوە لە ئەهواز و شارەکانی دەوروبەر دەسبەسەر کران.

ڕێکخراوی "ئەتڵەسی بەندیخانەکانی ئێران" پێشتر لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاندبوو کە ئەم بەندکراوانە لەلایەن هێزە ئیتلاعاتی و ئەمنییەتییەکانی ڕێژیمەوە بە توندی ئەشکەنجە دراون و لە بەناو دادگاکانی ئەم ڕێژیمەدا لە ڕەوتی دادڕەسییەکی نادادپەروەرانەدا بە لەسێدارەدان سزا دراون.