شۆرای هاواهەنگی ڕێکخراوە سێنفییەکانی فەرهەنگیان لە ئێران، بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەک سەبارەت بە سەرکوتی مامۆستایان لەلایەن لێژنەکانی سەرپێچییە ئیدارییەکانی پەروەردە و بارهێنانەوە هۆشداری دا.
بەپێی ئەم بەیاننامەیە، مەسعوود پزشکییان کە لە کاتی پڕوپاگەندە بۆ شانۆی هەڵبژاردنەکانی سەرۆککۆماری داوای کۆتاییهێنانی بەرەوڕووبوونەوە لەگەڵ مامۆستایانی کردبوو، ئەرکی بەرەوڕووبوونەوە لەگەڵ مامۆستایانی بە بەرپرسانی پەروەردە و لێژنەکانی سەرپێچییەکانی پێشوو سپاردووەتەوە.
بە وتەی ئەم شۆرایە، زۆربەی ئەندامانی لێژنەی سەرپێچییە ئیدارییەکان کە لە دەوڵەتی سێزدەهەمدا، سزای قورسیان بەسەر مامۆستایاندا سەپاندووە، لەسەر کارەکانی خۆیان ماونەتەوە و و درێژە بە سیاسەتی سەرکوت دەدەن.
شۆرای هاواهەنگی هۆشداری داوە کە لێژنەی سەرپێچییە ئیدارییەکانی پەروەردە و بارهێنان لە سەرکوتی مامۆستایان لە پارێزگاکاندا بەردەوامە و پارێزگای گیلان زیاترین ڕێژەی دەکران و خانەنشینکرانی پێش لە وادەی هەیە و بانگکردن و دۆسییەسازی بۆ ئەم مامۆستایانە لەم پارێزگایە هەر بەردەوامە.
شۆرای سێنفی لەم بەیاننامەیەدا بە نیگەرانییەوە ڕایگەیاندووە کە ڕێژەی کینە و دژایەتیی لێژنەکانی سەرپێچی لەگەڵ مامۆستایان زۆر زیاتر لە دەزگای دادوەرییە و خوازیاری وەستاندنی ئەم ڕەوتە بوون.
شۆرای هاواهەنگی وێڕای مەحکوومکردنی سیاسەتی سەرکوت دژی چالاکانی سێنفی جەختی کردووەتەوە کە دەوڵەتی چواردەیەم، سەرەڕای ئەوەی کە بە بێ پشتیوانیی زۆرینەی خەڵک هاتە سەر کار بەڵام ئەرکدارە بەوەی کە وادە و بەڵێنەکانی خۆی جێبەجێ بکات.
لەم بەیاننامەیەدا جەخت کراوەتەوە کە ئەرکی دەوڵەت گەڕاندنەوەی مامۆستایانی دەرکراو و هەڵوەشانەوەی سزاکانی دەرکران لە کار و دوورخرانەوەی مامۆستایان لە شوێنی کارەکانیانە کە تەنیا بە هۆی بەرگری لە ئەسڵی ٣٠ی یاسای بنەڕەتیی کۆماری ئیسلامی واتە پەروەردەی خۆڕایی تۆمەتبار کراون.