دوای هێرشە مووشەکییەکەی ڕیژیمی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل، ئێستا هەمووان چاوەڕێی تۆڵەسەندنەوەی ئیسرائیلن، کە بەرپرسانی ئەو وڵاتە دەڵێن "سەرسوڕهێنەر و سەخت و بە ئازار" دەبێت، بەڵام میدیا ئەمریکاییەکان دەڵێن، دوای پێداچوونەوە بە ئامانجەکان، ڕەنگە هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران لە ئەمڕۆوە تا پێش سێ حەفتەی داهاتوو ڕوو بدات.
بەرپرسێکی ئیسرائیل به واشنگتۆن پۆستی ڕاگەیاندووه که ئیسرائیل بەر له هەڵبژاردنەکانی سەرۆککۆماریی ئەمریکا له ١٥ی خەزەڵوەر هێرش دەکاته سەر ئێران.
ئەم بەرپرسە ئیسرائیلییە دەڵێت، هۆکاری هێرشەکە پێش هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتیی ئەمریکا بۆ کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی لەسەر دەنگدەرانە؛ چونکە نێتانیاهوو دەزانێت ئەم هێرشە کاریگەریی لەسەر کێبڕکێی هەڵبژاردن دەبێت.
بە وتەی نێتانیاهوو، ئەگەر کەمالا هەریس لە حیزبی دێموکرات ببێت بە سەرکۆمار لەکاتێکدا مەسعوود پزیشکیان لە ئێران دەسەڵاتدارە، ئەگەری بوژاندنەوەی بەرجام و گەڕانەوە بۆ سەر مێزی وتووێژی نێوان هەر دوو لایەن هەیە و ئەمەش ڕووداوێکە کە نێتانیاهوو نایهەوێت .
ئەوە لەحاڵێکدایە کە واشنگتۆن پۆست بڵاوی کردەوە، دوای داوای جۆ بایدێن لە نیتانیاهوو، ڕەنگە ئیسرائیل مەودای هێرشەکەی بۆ سەر ئێران بۆ چەند بنکەیەکی سەربازی سنووردار بکات و خۆی لە هێرشکردنە سەر دامەزراوە ناوکی و نەوتییەکانی ئێران بەدوور بگرێت هەتا ئاگری شەڕەکە هەموو ناوچەکە نەگرێتەوە.
بەپێی ڕاپۆرتی ئەو ڕۆژنامەیە نێتانیاهوو بە بایدێنی وتووە، هەرچەندە ئیسرائیل گرینگی بە بۆچوونەکانی کۆشکی سپی دەدات، بەڵام لە چاوەڕوانی ڕەزامەندی ئەمریکادا نامێنێتەوە و لە کاتی گونجاودا بۆ بەرژەوەندییە نیشتمانییەکانی خۆی هێرش دەکاتە سەر ئامانجە دەستنیشانکراوەکان لە نێو خاکی ئێراندا.