کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گەڵاڵەی تەراوەت و بەردەوامیی سەرکوتی ژنان

19:45 - 25 رەزبەر 2724

دوابەدوای بڵاوبوونەوەی هەواڵەکان سەبارەت بە پەسەندکرانی گەڵاڵەی عیفاف و حیجاب لەلایەن شۆرانی نیگەهبانەوە، سپای سمنان باسی لە جێبەجێکردنی گەڵاڵەیەکی تر لەژێر ناوی گەلاڵەی "تەراوەت" لە پێوەندی لەگەڵ سەپاندنی حیجابی زۆرەملێ کردووە.

فەرماندەی سپای سمنان لە کۆبوونەوەیەکی شۆرای فەرهەنگی پارێزگاکەدا لەمبارەوە ڕایگەیاندووە کە بۆ جێبەجێکردنی ئەم گەڵاڵەیە کەڵک لە توانای دەزگای جێبەجێکار و خزمەتگوزاریی پارێزگاکە وەردەگرن.

مەنسوور شەوقانی، هیچ ئاماژەیەکی بە وردەکارییەکانی ئەم گەڵاڵەیە نەکردووە و تەنیا ڕایگەیاندووە کە بەم زووانە و لە ڕاستای پەرەدان بە فەرهەنگی عیفاف و حیجاب ئەم گەڵاڵەیە دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.

بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە لەکاتێکدایە کە ژمارەیەک لە لایەنگرانی پزشکییان، چاوەڕوانی ئەوەیان دەکرد کە ناوبراو وادە و بەڵێنەکانی خۆی جێبەجێ بکات و گوشارەکان بۆ سەر ژنان لەمبارەوە کەم بکاتەوە.

پزشکییان لە کاتی بانگەشەی شانۆی هەڵبژاردنەکاندا باسی لە پاراستنی کەرامەتی ژنان دەکرد و لە یەکەمین پرێس کۆنفرانسی خۆیدا باسی لەوە کرد کە بەدواداچوون بۆ "ئازارنەدانی ژنان" لەلایەن گەشتی ئێرشادەوە دەکات.

پێدەچێت ئەم گەڵاڵەیەش هاوشێوەی گەڵاڵەی نوور کە بە مەبستی بەرەوڕووبوونەوە لەگەڵ ئەو ژنانەی کە ڕەچاوی حیجابی زۆرەملێیان نەدەکرد هاتە ئاراوە، شێوازێکی نوێ بۆ سەپاندنی زۆر و توندوتیژی دژی ژنان بێت.