هەواڵدەریی هێرانا بە بڵاوکردنەوەی ڕاپۆرتێک باسی لەوە کردووە کە بڕیارە لە نیوەی دووهەمی ئەمساڵی خوێندندا، یەک میلیۆن قوتابی لەژێر ناوی ئوردووی "ڕاهیانی نوور" ڕەوانەی ناوچەکانی شەڕ بکرێن.
قاسم قوڕەیشی، فەرماندەی قەرارگای ناوەندیی ڕاهیانی نووری سپا و بەسیجی ڕێژیم، لە رێوڕەسمی کردنەوەی ئەم سەفەرانەدا ڕایگەیاندووە : ئەگەرچی ئەم سەفەرانە لە سەرەتای ساڵی خوێندنەوە دەست پێ دەکەن، بەڵام لە مانگی خەزەڵوەرەوە ڕێژەکەیان زیاتر دەکەین".
بە وتەی ئەم بەرپرسەی ڕێژیم لە بانەمەڕی ١٤٠٣ـەوە هەتا ئێستا زیاتر لە ٧٧٠ هەزار کەس ڕەوانەی سەفەرەکانی ڕاهیانی نوور کراون.
هێرانا لەمبارەوە ڕایگەیاندووە کە ئەم کردەوەی ڕێژیمی ئێڕان لەکاتێکدایە کە پەیماننامەی مافی منداڵانی واژۆ کردووە و بە پێچەوانەی بەڵێننامە نێودەوڵەتییەکان دەجووڵێتەوە.
بەپێی پەیماننامەکانی مافی منداڵان، تێوەگلاندنی منداڵان لە پرسەکانی لەم شێوە، پێشێلکاریی ئاشکرای مافی منداڵان بەئەژمار دێت.
ڕێکخستنی ئەم سەفەرانە لە کاتێکدایە کە تەقەمەنییە بەجێماوەکانی سەردەمی شەڕ لەم ناوچانە دەتوانن هەڕەشەی جیددی بۆ سەر گیانی ئەم قوتابییانە بن.
لەلایەکی دیکەشەوە لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا، زۆر جار ئوتووبووسی قوتابییان لە ڕێگای گەیشتن بەم شوێنانە و لە ڕێگای سەفەرەکانی ڕاهیانی نووردا تووشی ڕووداوی هاتوچۆ و وەرگەڕان بوون و ژمارەیەکی بەرچاو لە قوتابییانیش بەم هۆیەوە گیانیان لەدەست دا.