ئانتیە گرۆتێر، نوێنەری پارلەمانی بێرمەن لە فراکسیۆنی SPD و کەفیلی سیاسیی عوسمان ئیسماعیلی، چالاکی کرێکاریی کورد بە بڵاوکردنەوەی پەیامێک خوازیاری ئازادیی ناوبراو و هەموو بەندکراوانی سیاسیی ئێران بوو.
ناوبراو لەم پەیامەدا ڕایگەیاندووە کە عوسمان ئیسماعیلی چەندین جار بە هۆی چالاکیی مەدەنییەوە دەسبەسەر کراوە و ئاخرین جار بە هۆی پشتیوانی لە بنەماڵەی ژینا ئەمینی دەسبەسەر کرا کە ٦٠٠ ڕۆژە دەسبەسەرە و لە دۆخێکی جەستەیی خراپدایە.
ئانتیە گرۆتێر جەختی کردەوە کە عوسمان ئیسماعیلی لە دادگایەکی فەرمایشیدا و بە بێ دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر بە بەندکران سزا دراوە.
لە ماوەی ڕابردوودا، ئەم نوێنەرەی پارلەمانی بێرمەن بەپێی داوای ڕێکخراوی مافی مرۆیی هاوار هێڵپ، کەفالەتی سیاسیی ئەم چالاکە کرێکارییەی لە ئەستۆ گرتووە.
ڕۆژی دووشەممە ٢ی ڕەزبەری ١٤٠٣، ئەم چالاکە کرێکارییە بە مەبەستی بەدواداچوون بۆ کاروباری پزیشکی و هەروەها پشکنین لای پزیشک بە مەبەستی چارەسەرکردنی تەنگبوونی نوخاع و دیسکی کەمەر، نێردرابووە مورەخەسی.
ڕۆژی چوارشەممە، ١٩ی ڕێبەندانی ١٤٠١، عوسمان ئیسماعیلی بە بێ بەڵگەی یاسایی لە شەقامی "شوهەدا"ی سەقز، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و پاش یەک حەفتە لە گرتنگەی ئیتلاعاتی سەقزەوە بۆ گرتنگەی ئیتلاعاتی سنە ڕاگوێزرا.