کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کاردانەوەی نوێنەرانی کۆنگرەی ئەمریکا بە هێرشە مووشەکییەکەی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل

12:13 - 11 رەزبەر 2724

هێرشە مووشەکییەکەی شەوی ڕابردووی ڕێژیم بۆ سەر ئیسرائیل، کاردانەوەی کۆماریخوازەکانی کۆنگرەی ئەمریکای لێ کەوتەوە.

کۆماریخوازەکانی کۆمگرەی ئەمریکا خوازیاری ئەوە بوون کە ئەمریکا لە بواری چەکوچۆڵەوە زیاتر پاڵپشتی لە ئیسرائیل بکات. یاسادانەرانی دێموکراتیش بە جەختکردنەوە لەسەر پشتیوانیکردن لە ئیسرائیل بۆ بەرگری لە خۆی، خوازیاری کۆنتڕۆڵکردنی ئاڵۆزییەکان بوون.

ڕێبەری زۆرینەی دێموکراتەکان لە سێنای ئەمریکا، لە کاردانەوە بە دووهەمین هێرشی ڕاستەوخۆی مووشەکیی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل باسی لەوە کرد کە ئەمریکا بۆ پاڵپشتیکردن لە ئیسرائیل وەکوو هاوپەیمانێک، بە مەبەستی بەرگری لەم وڵاتە لەلای ڕادەوەستێ.

سێناتۆر چاک شوومر، لە بەیاننامەیەکدا بە ئاماژە بەوەی کە گۆڕانکارییەکانی ناوچەی بەوردی خستووەتە ژێر چاوەدێرییەوە وتی ئەم کردەوانە، کاردانەوەیان دەبێت و ڕێژیمی ئێران و نوێنەرەکانی دەبێ وڵامدەر بن.

سێناتۆر میچ مەک کانڵ، لەمبارەوە ڕایگەیاند : کاتی هاتووە کە بونیاتنەرانی تێرۆر لە جیهان و نوێنەرەکانیان، ئاکامی کارەکانیان ببینن.

مایک مەک کاڵ بەرپرسی کۆمیتەی کاروباری دەرەوەی مەجلیسی نوێنەرانی ئەمریکاش لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند کە پاش هێرشی مووشەکی و پەهپادیی مانگی ئاوریل، ڕێوشوێنی بەرگێڕەوەی پێویست لە بەرانبەر کۆماری ئیسلامی ئەنجام نەبووە.

پێشتریش ئادام شیف لە ئەندامانی باڵای دێموکرات لە مەجلیسی نوێنەران بە دەرکردنی بەیاننامەیەک لەم پێوەندییەدا وێڕای مەحکوومکردنی هێرشەکەی ڕێژیم، جەختی کردەوە کە ئەمریکا لەگەڵ ئیسرائیل دەبێ.

هاوکات جێرد مێسکۆویتز یەکێکی دیکە لە نوێنەرانی دێموکراتی کۆنگرە، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئیکسدا نووسی: ناکرێ ئیزن بە کۆماری ئیسلامی بدرێت کە مووشەکی بالستیک ڕەوانەی هاوپەیمانەکانی ئەمریکا بکات و وڵامەکەی وەرنەگرێتەوە.

سێناتۆری کۆماریخواز مارکۆ ڕۆبیۆش پاش هێرشەکە لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئیکسدا نووسی: هێرشی ڕێژیم بۆ سەر ئیسرائیل هەڵەیەکی موحاسباتی زۆر مەترسیدار بوو.