کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هێرشی سێنتکام بۆ سەر پێگەکانی حوسییەکان لە یەمەن

10:26 - 26 رەزبەر 2724

فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا ''سێنتکام''، ڕایگەیاند کە هێزەکانیان ڕۆژی چوارشەممە ٢٥ی ڕەزبەر لە چەندین هێرشی ئاسمانیدا، دامەزراوە چەکوچۆڵییە پێشکەوتووەکانی حوسییەکانی سەر بە ڕێژیمی ئێرانیان لە ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی ئەم گرووپە لە یەمەن کردە ئامانج.

بەپێی زانیارییەکانی سێنتکام، ئەو دامەزراوانە چەکی پێشکەوتوویان تێدا بووە کە بۆ هێرشکردنەسەر کەشتییە نیزامی و غەیرەنیزامییە ئەمریکایی و نێودەوڵەتییەکان لە دەریای سوور و کەنداوی عەدەن بەکار هێنراون.

سێنتکام جەختی لەوە کردەوە کە لەم عەمەلیاتەدا هێزی ئاسمانی و هێزی دەریایی ئەمریکا بە کەڵکوەرگرتن لە فڕۆکەی بۆمبهاوێژی بی-٢ هێرشیان کردە سەر کۆگا ژێرزەوییەکانی حوسییەکان و ئەو دامەزراوانە و ئەو چەکانەی تێیدا بوون لەنێو بردراون.

لە دامەزراوە ژێرزەمینییەکانی حوسییەکان کە لەلایەن ئەرتەشی ئەمریکاوە کراونەتە ئامانج، هەموو جۆرە مووشەکێک و پارچەی دروستکردنی چەک و تەقەمەنی دیکە هەڵگیرابوون.

هەروەها سێنتکام جەختی لەوە کردەوە کە ئەم هێرشانە بە ئامانجی کەمکردنەوەی توانای حوسییەکانە بۆ ئەنجامدانی هێرش بۆ سەر کەشتییە بازرگانییە نێودەوڵەتییەکان، هەروەها کەمکردنەوەی هەڕەشەکانیان لە دژی پێرسۆنێل و کەشتییە سەربازی و بازرگانییەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی لە دەریای سوور، گەرووی بابولمەندەب، و کەنداوی عەدەن.