کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئامادەیی ئیسرائیل بۆ وڵامدانەوەی هێرشەکانی کۆماری ئیسلامی

10:55 - 26 رەزبەر 2724

ڕۆژی چوارشەممە ٢٥ی ڕەزبەر کەناڵی هەواڵی ئەی بی سی بە پشتبەستن بە سەرچاوەیەکی ئیسرائیلی ڕایگەیاند کە بێنیامین نێتانیاهوو سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ئامانجەکانی هێرشی تۆڵەسەندنەوە بۆ سەر ئێرانی پشتڕاست کردووەتەوە.

ئەم سەرچاوەیە ئاماژەی بەوە نەکرد کە ئایا ئەم ئامانجانە تەنیا سەربازین یان نا و ئاماژەی بەوە دا کە کاتی ڕوون و دیاریکراوی ئەم هێرشانە ڕانەگەیەندراوە.

هەروەها سی ئێن ئێن ڕۆژی چوارشەممە بەپێی سەرچاوەکانی خۆی لە ڕاپۆرتێکدا بڵاوی کردەوە کە بەرپرسانی واشنگتۆن پێشبێنی دەکەن ئیسرائیل بەر لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا لە مانگی داهاتوودا، وڵامی هێرشە مووشەکییەکەی کۆماری ئیسلامی بداتەوە، بەڵام تا ئێستا کاتی وردی ئەم وڵامدانەوەیە نادیارە.

کاناڵی ١٢ی تلویزیۆنی ئیسرائیل ڕۆژی سێشەممە ٢٤ی ڕەزبەر ڕایگەیاند، هێرشی تۆڵەسەندنەوەی ئەرتەشی ئیسرائیل نزیکە و بڕیاری کۆتاییش لەسەر ئامانجەکانی بۆردومانەکە دراوە.

بەگوێرەی ئەم ڕاپۆرتە، ئەرتەشی ئیسرائیل لیستی ئامانجەکانی پێشکەش بە بێنیامین نێتانیاهوو سەرۆکوەزیران و یوئاو گاڵانت وەزیری بەرگریی وڵاتەکەی کردووە و ڕێککەوتنی پێویست لەگەڵ وڵاتانی دیکەی ناوچەکە کراوە.

هەروەها کەناڵی کان نیووزی ئیسرائیل ڕایگەیاند کە ئامانجەکانی هێرشەکە لە "ئاستی سیاسی" یەکلایی کراوەتەوە.

هاوکات سەرچاوەیەک بەم میدیا دەوڵەتییەی ڕاگەیاندووە ئامانجەکانی هێرشەکە دەستنیشان کراون و بڕیاڕەکە دراوە و تەنیا ئەوە ماوە لەسەر کاتەکەی بڕیار بدرێت.

یوئاو گاڵانت، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل پێشتر ڕایگەیاندبوو کە لەگەڵ سەرۆکوەزیران و سەرۆکی ئەرتەشی ئیسرائیل سەبارەت بە پێویستی و شێوازی وڵامدانەوەیان بە کۆماری ئیسلامی هاوڕایە و ئەم هێرشە "بەهێز، ورد و کوشندە" دەبێت.

هاوکات لەگەڵ ئەم پێشهاتانە، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی، ڕۆژی چوارشەممە سەردانی ئۆردۆن و میسری کرد و لەگەڵ بەرپرسانی ئەو وڵاتانە کۆ بووەوە.

 

ڕێژیمی ئێران نیگەرانی کاردانەوەی ئیسرائیل بەرامبەر بە هێرشە مووشەکییەکەی ئەم دواییەیە، بۆیە هەوڵی دیپلۆماسیی لەگەڵ وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەست پێ کردووە تاکوو بتوانێ ڕێژەی توندیی وڵامدانەوەی ئیسرائیل کەم بکاتەوە یان لە ئەگەری شکستهێناندا، ڕێگەیەک بۆ پاراستنی خۆی بدۆزێتەوە.