کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گرووپی هاواهەنگیی پی ئێس ٧٥٢: لە دادگای نێودەوڵەتی سکاڵامان لە دژی تاران تۆمار کرد

11:05 - 26 رەزبەر 2724

ڕێکخراوی نێودەوڵەتی بۆ هاواهەنگی و لێپرسینەوە سەبارەت بە فڕۆکەی ئۆکراینییەکە کە لەلایەن سپای پاسدارانی ڕێژیمەو خرایە خوارەوە، ڕۆژی چوارشەممە ڕایگەیاند کە چوار وڵاتی ئەندامی ئەم گرووپە واتە بریتانیا، کانادا، سوید و ئۆکراین بە هاوبەشی داواکارییەکیان لە دژی ئێران، پێشکەشی دادگای نێودەوڵەتی کردووە.

بەپێی ئەم بەیاننامەیە، ئەم چوار وڵاتە قۆناغێکی نوێی ڕێوشوێنی دژ بە ڕێژیمی ئێرانیان بە تۆمەتی پێشێلکردنی ڕێککەوتننامەی کۆنواسیۆنی ١٩٧١ بۆ سەرکوتی چالاکییە نایاساییەکان لە دژی ئەمنییەتی فڕۆکەوانیی غەیرە نیزامی دەست پێ کردووە.

لەم بەیاننامەیەدا هاتووە کە کۆماری ئیسلامی جگە لە پێشێلکارییەکانی دیکە، نەیتوانیوە هەموو ڕێوشوێنێکی کردەیی بۆ پێشگرتن لە لێدانی فڕینی فرۆکەی ئۆکراینی لەلایەن هێزە چەکدارەکانییەوە بگرێتە بەر.

هەروەها بەپێی ئەو بەیاننامەیە کۆماری ئیسلامی نەیتوانیوە بەپێی پێوەرە نێودەوڵەتییەکان لێکۆڵینەوە و لێپێچینەوەیەکی تاوانکاریی تەواو ڕوون و بێلایەنانە ئەنجام بدات.

هەر چوار وڵات جەختیان لەوە کردەوە کە ڕێوشوێنە یاساییە نوێیەکەیان تیشک دەخاتە سەر پێبەندبوونیان بۆ گەیشتن بە ڕوونکاری و دادپەروەری و لێپرسینەوە لە بەرامبەر قوربانیان و کەسوکارەکانیان.

لە ڕێکەوتی ١٨ی بەفرانباری ساڵی ١٣٩٨ی هەتاویدا فڕۆکەی پی ئێس ٧٥٢ی ئۆکراینی کە لە تارانەوە بەرەو کیێف دەچوو، چەند خولەک پاش هەستانی لە فڕۆکەخانەی خومەینی، بە دوو مووشەکی سپای تێرۆریستیی پاسداران کرایە ئامانج و ١٧٦ سەرنشینەکەی گیانیان لەدەست دا.

هەر لەو پێوەندییەدا پووشپەڕی ساڵی ڕابردوو، چوار وڵاتی بریتانیا، کانادا، سوید و ئۆکراین بەهۆی ئەوەی بە ئەنقەست فڕۆکەکە خراوەتە خوارەوە بە فەرمی سکاڵایان لە دادگای نێودەوڵەتی لە دژی کۆماری ئیسلامی ئێران تۆمار کرد.