کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕاپۆرتی نوێی ڕۆیتێزرز سەبارەت بە وردەکارییەکانی تەقاندنەوەی پەیجێرەکانی حیزبوڵڵای لوبنان

11:27 - 26 رەزبەر 2724

 

٢٧ و ٢٨ی خەرمانانی ئەمساڵ لە ئۆپەراسیۆنێکی تایبەت و کەم وێنە لە جۆری خۆیدا، هەزران ئامێری پێوەندیگرتنی ئەندامانی حیزبوڵڵا لە چرکە ساتێکدا بوون بە چەکێکی کوشەندە و هەزاران ئەندامی ئەم گرووپەیان بەتوندی بریندار کرد.

لە ئێستادا هەواڵدەریی ڕۆیتێرز لە ڕاپۆرتێکی شیکاریدا پەرژاوەتە سەر چۆنیەتی ئەنجامی ئەم بابەتە و هێندێک وردەکاریی نوێی سەبارەت بە درۆستکردن و ڕادەستکردنی ئامێرەکانی خستووەتە ڕوو.

ڕۆیتێرز لەم ڕاپۆرتەدا بە ئاماژەدان بەوەی کە داڕشتنی پلانی ئەم ئۆپەراسیۆنە چەند ساڵی خایاندووە، لە زاری سەرچاوەیەکی لوبنانییەوە نووسیویەتی: "باتری نوێی پەیجێرەکان کە بریتی بوون لە ماددەی تەقەمەنی لە سەرەتاکانی ئەمساڵدا براونەتە لوبنانەوە  لەکاتی پشکنینیان بە تیشکی ئیکس، دەرنەکەوتووە کە ئەم باترییانە بۆمبێکی بچووکیان تێدا جێگیر کراوە".

ڕاپۆرتەکە شی دەکاتەوە "دروستکەرانی بۆمبەکە بۆ ئەوەی کە حیزبوڵڵا گومان لە باترییە نوێیەکان بەهۆی ئاڵوگۆڕ لە قەبارەیانەوە نەکات، فرۆشگا و ماڵپەڕی ئانلاینی ساختەییان دروست کردووە تاکوو قەبارەی نوێی باترییەکان ئاسایی نیشان بدەن".

ئەم سەرچاوە بۆ ڕۆیتێرزی زیاد کردووە کە ٦ گرەم ماددەی پینتریت کە تەقەمەنییەکی زۆر بەهێزە بەشێوەی لاپەڕەیەکی ناسک لە نێوان دوو خانی باترییەکەدا جێگیر کراوە و بۆشایی نێوان خانەکان بە ماددەیەکی دیکەی ئاورگر پڕ کراوەتەوە کە ڕۆڵی چاشنیی بۆ بۆمبەکە هەبووە، پاشان ڕووکێشێکی ڕەش لە دەوری ئەم سێ لاپەڕەدا دەپێچرێت و دەخرێتە نێو قوتوویەکی ئاسنینی بچووکەوە.

ڕۆیتێرز لە بەشێکی دیکەی ڕاپۆرتەکەیدا باس لەوە دەکات، حیزبوڵڵا بۆ دڵنیابوون لەوەی کە پەیجێرێکان بۆمبیان تێدا جێگیر نەکرابێت، لە ڕێگەی ئێسکەنێرە پێشکەوتووەکانی فڕۆکەخانەوە پەیجێرەکان دەپشکنێت بەڵام ئێسکەنێرەکان ناتوانن بۆمبەکان بدۆزنەوە و بەم شێوە حیزبوڵڵا هیچ شتێکی گوماناوی لەنێو ئەم ئامێرانە نادۆزێتەوە.

ئەم هەواڵدەرییە سەبارەت بە شوێنی دروستکردنی پەیجێرەکان هیچ زانیارییەکی متمانەپێکراوی دەست نەکەوتووە.

لەم ڕاپۆرتەدا دەردەکەوێت کە مووساد بۆ چارەسەرکردنی بێمتمانەیی بە ئامێرە نوێیەکان، چەند ماڵپەڕی ساختەیی فرۆشی ئانلاینیان بۆ کەرەستەکان دروست کردووە و لەو ماڵپەڕانەدا کەسانێک باسیان لە کارامەیی و باشبوونی پەیجێرەکان کردووە تاکوو بەم شێوەیە حیزبوڵڵای پێ فریو بدەن.

حیزبوڵڵای لوبنان لە سەرەتاکانی ساڵی زایینییەوە بەهۆی مەترسی لە دزەی ئیسرائیل بۆ سەر پێوەندییەکانیان، فەرمانی بە ئەندامانی دابوو تاکوو بۆ پێوەندیگرتن لە مۆبایل کەڵک وەرنەگرن و بە جێگەی پەیجێری پێ دابوون.