کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆماری ئیسلامی لە ڕێگەی نوێ بۆ فیلتێر و سنووردارکردنی ڕۆژنامەوانان کەڵک وەردەگرێت

12:24 - 26 رەزبەر 2724

ناوەندە ئەمنی و دادوەرییەکانی کۆماری ئیسلامی ماوەیەکە ڕۆژنامەوانان و چالاکوانان ناچار بە سڕینەوەی هەموو نێوەڕۆکەکانیان و دانانی وێنەیەک دەکەن کە تێیدا نووسراوە "دەستڕاگەیەشتن بە هەژماری داواکراو بەردەست نییە".

لە ڕۆژانی ڕابردوودا ژمارەیەک لە ڕۆژنامەوان و چالاکوانان ڕایانگەیاندووە کە سیم کارتەکانیان لەلایەن حکوومەتەوە ڕاگیراوە.

لەم پێوەندییەدا ڕۆژنامەی "شەرق" لە کۆتاییەکانی خەرماناندا باسی لە پچڕانی هێڵی پێوەندیگرتنی ژمارەیەک لە ڕۆژنامەوان و چالاکانی سیاسی و کۆمەڵایەتی بەهۆی بڵاوکردنەوەی وێنەی بێسەرپۆش یان ناڕەزایەتی بە سێدارەکان کردبوو.

پاش ڕاگیرانی هێڵی پێوەندیگرتنی ئەم کۆمەڵە ڕۆژنامەوان و چالاکوانانە، لە ئێستادا حکوومەت هەژماری ئینستاگرامەکانیانی داخستووە و ناچاری کردوون کە هەموو پۆستەکانیان بسڕنەوە و وێنەیەک لە سەر پڕۆفایلەکانیان دابنێن کە پێشتر نیشاندەری فیلتێرکردنی ماڵپەڕەکان لەلایەن دەزگای دادوەریی ڕێژیمەوە بوو.

لەم وێنانەدا نووسراوە " ماڵپەڕی داواکراو بەردەست نییە".

لە کۆتاییشدا داوا لەم کەسانە کراوە کە پۆستێک بەبێ هیچ نێوەڕۆکێک لە سەر هەژمارەکەیان دابنێن تاکوو چالاکنەبوونی هەژمارەکە بەفەرمی دیار بێت.

لەم پێوەندییەدا بە وتەی یەکێک لەم ڕۆژنامەوانانە کە لەلایەن وەزارەتی ئیتلاعاتی ڕێژیمەوە بانگ کراوە، هەموو ئەو وێنە و نێوەڕۆکانەی کە تەنانەت لە ستۆرییەکانیدا بڵاوی کردووەتەوە ڕوونووسی لێ هەڵگیراوە و لێپرسینەوەی لێ کراوە.

ئەم رۆژنامەوانە زیادی کردووە کە لە سەر شێوازی پۆششی و هەڵوێستەکانی سەبارەت بە ڕووداوە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان و تەنانەت هەڵوێستی بەنیسبەت گرانبوونی دۆلاریش لێپرسینەوەی لێ کراوە.

هەموو ئەم هەوڵانەی ڕێژیم لەکاتێکدایە کە سەرۆککۆماری نوێ لەکاتی بانگەشەی هەڵبژاردنەکاندا چەند جار ڕەخنەی لە فیلتێرینگ گرتبوو و بەڵێنی دابوو کە فیلتێرینگ چارەسەر دەکات.