کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەرزبوونەوەی نرخی نەوتی خاو بە هۆی ئەگەری هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر دامەزراوە نەوتییەکانی کۆماری ئیسلامی

12:19 - 11 رەزبەر 2724

بەگوێرەی ئاژانسی ڕۆیتێرز، ئێوارەی ڕۆژی سێشەممە نرخی نەوتی خاوی برێنت بە ڕێژەی ١.٨٦ دۆلار  بەرز بووەتەوە، کە بەرامبەرە بە ٢.٦٪ و هەر بەرمیلێک گەیشتووەتە ٧٣.٥٦ دۆلار.

لەلایەکی دیکەوە، نەوتی خاوی ئەمریکای وێست تێگزاس بە ڕێژەی ١.٦٦ دۆلار بەرزبووەتەوە کە یەکسانە بە ٢.٤٪ و گەیشتووەتە ۶۹.۸۳ دۆلار  و هەر لە یەکەم ڕۆژدا نرخی هەر دوو جۆری نەوتی خاو زیاتر لە ٥٪ بەرز بوونەتەوە.

کێلی سیگل شرۆڤەکاری سیاسی بە ئاژانسی ڕۆیتێرزی ڕاگەیاندووە، ئیسرائیل دوودڵ نابێت لە فراوانکردنی هێرشە سەربازییەکانی بۆ لێدانی ڕاستەوخۆی ئێران و پێدەچێت سەروەت و سامانی نەوتی ئێران لە لیستی ئامانجەکانیدا بێت.

سیگل ئاماژەی بەوەش کرد، هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر دامەزراوەکانی بەرهەمهێنانی نەوت یان هەناردەکردنی نەوتی ئێران، دەتوانێت بەرهەمهێنانی نەوتی ئێران پەک بخات، کە پێدەچێت لە ڕۆژێکدا یەک ملیۆن بەرمیل زیاتر بەرهەم بێنێت.

لەلایەکی دیکەوە ڕۆیتێرز لە زاری تاماس وارگا، شرۆڤەکارێکی دیکەوە ڕایگەیاندووە: ئەگەر گرژییەکە پەرە بسێنێت، ئەگەری ئەوە هەیە کە هێزە نیابەتییەکانی ڕێژیمی ئێران، واتە حوسییەکان و میلیشیا عێراقییەکان، هێرش بکەنە سەر بەرهەمهێنەرانی نەوتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لە عەرەبستانی سعوودییە.

پێشتریش لە ساڵی ڕابردووەوە حوسییەکان بۆ ڕاگەیاندنی پشتیوانی خۆیان لەگەڵ فەلەستینییەکان لە شەڕی نێوان ئیسرائیل و حەماس لە غەززە دەستیان کرد بە هێرشکردنە سەر کەشتییە نێودەوڵەتییەکانی نزیک یەمەن کە ئەوەش کاریگەریی لەسەر نرخی نەوت دانا.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی ئیدارەی ڕاگەیاندنی وزەی ئەمریکا، ئێران لە ساڵی ۲۰۲۳دا نۆهەمین و گەورەترین بەرهەمهێنەری نەوتی خاو بووە لە جیهاندا و لە دوای وێنزۆئێلا و سعوودییە سێیەمین و گەورەترین پاشەکەوتی نەوتی هەیە.

ئەگەر دامەزراوە نەوتییەکانی کۆماری ئیسلامی بکرێنە ئامانج، ئابووری ئێران کە بە هۆی گەمارۆکانەوە لاواز بووە، زەبرێکی توندی لێ دەکەوێتەوە.