کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئیسرائیل بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەڕەشەکانی ئێران داوای ناردنی دووهەمین سیستەمی ''تاد''ی لە ئەمریکا کرد

11:03 - 28 رەزبەر 2724

کاناڵی "١٢"ی ئیسرائیل بڵاوی کردەوە، ئیسرائیل بەمەبەستی پاراستنی خۆی لە بەرامبەر ئەگەری وڵامدانەوەی ڕێژیمی ئێران بۆ هێرشی تۆڵەئەستێن داوای لە ئەمریکا کردووە کۆمەڵەیەکی دیکەی سیستەمی بەرگریی دژە مووشەکی ''تاد''ی بۆ بنێرێت.

پێنتاگۆن یەکشەممەی ڕابردوو پشتڕاستی کردەوە کە واشنگتۆن سیستمێکی پێشکەوتووی بەرگریی ئاسمانی لەگەڵ سەربازانی ئەمریکا بۆ وەرێخستنی ئەو سیستمە بۆ ئیسرائیل دەنێرێت.

سیستمی تاد سیستەمێکی بەرگریی پێشکەوتووتر لە سیستەمی پاتریۆتە کە توانای ئەوەی هەیە ڕووبەرێکی فراوانتر بگرێتەوە و ئامانجەکان لە مەوادای ١٥٠ هەتا ٢٠٠ کلیومیتری بپێکێت.

هەر سیستەمێک شەش ئامێری مووشەکهاوێژ و ٤٨ مووشەکی شوێنهەڵگر و ئامێری ڕادیۆیی و سیستەمی ڕادار لەخۆ دەگرێت و بۆ کارکردن پێویستی بە ٩٥ سەرباز هەیە.

بەرپرسانی باڵای سەربازیی ئیسرائیل چەندین جار جەختیان لەوە کردووەتەوە کە وڵامدانەوەی ئیسرائیل بۆ هێرشی ئێران "نزیک و ورد و کوشندە" دەبێت.

لەم پێوەندییەدا داواکاریی بۆ ناردنی کۆمەڵەی دووهەمی سیستەمی تادی ئەمریکایی لە کاتێکدا دەدرێت کە ئێران وەک ئامادەکارییەک بۆ وڵامدانەوەی ئیسرائیل بۆ هێرشەکەی ١ی ئۆکتۆبر، هەڕەشەی کردووە کە هەر هێرشێکی ئیسرائیل بەتوندی وڵام دەداتەوە.