کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەگەرەکان بۆ جێگرەوەی یەحیا سەنوار

11:20 - 28 رەزبەر 2724


پاش کوژرانی دوویەمین ڕێبەری گرووپی حەماس لە چەند مانگی ڕابردوودا ئەم گرووپە دەبێت بۆ جارێکی دیکە ڕێبەرێکی نوێ هەڵبژێرێت.

لەم پێوەندییەدا هەواڵدەریی ڕۆیتێرز لە ڕاپۆرتێکدا پەرژاوەتە سەر ئەم بابەتە و باسی لە ئەگەرەکان بۆ جێگرەوەی یەحیا سەنوار کردووە.

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە حەماس لەم هەڵبژاردنەدا سەرەتا دەبێت بەرژەوەندییەکانی کۆماری ئیسلامی وەک سەرەکیترین پشتیوانی لە بەرچاو بگرێت.

وێدەچێت سەرەکیترین بژاردە بۆ بوون بە کەسی یەکەمی حەماس لە ئێستادا، خەلیل ئەلحەیە جێگری سەنوار بێت و ناوبراو بە هۆی پێوەندییەکانی لەگەڵ کۆماری ئیسلامی، دەرفەتێکی باشتری بۆ گەیشتن بە ڕێبەریی حەماس هەبێت.

ئەلحەیە پێشتری ڕاوێژکاری ئیسماعیل هەنییە ڕێبەری پێشووی حەماس بوو کە لە تاران کوژرا.

ناوبراو لە ماوەی یەک ساڵی ڕابردوودا و پاش دەسپێکی شەڕ، سەرپەرشتی وتووێژە ناڕاستەوخۆکانی حەماس لەگەڵ ئیسرائیل بۆ گەیشتن بە ئاگربەست و ئازادکرانی بارمتەکان بووە.

ئەلحەیە لە یەکەمین لێدوانی پاش کوژرانی یەحیا سەنوار ڕایگەیاندبوو کە تەنیا پاش ئاگربەست و پاشەکشێی ئیسرائیل لە غەززە بارمتەکان ئازاد دەکرێن.

ڕاپۆرتەکە زیادی دەکات کە محەممەد سەنوار و خالد مەشعەل دوو بژاردەی دیکەن بۆ گرتنە ئەستۆی ڕێبەرایەتی حەماس لە ئێستادا.

محەممەد سەنوار برای یەحیا سەنوار ڕێبەری پێشووی حەماسە و وێدەچێت لە دوای ناوبراو بەرپرسایەتی لقی سەربازیی حەماس لە غەززە بگرێتە دەست.

جێی ئاماژەیە کە پاش کوژرانی ئیسماعیل هەنییە لە گەلاوێژی ئەمساڵدا، یەحیا سەنوار بەرپرسایەتی لقی سیاسی و نیزامیی ئەم گرووپەی گرتە دەست.

پێشتر ڕێبەرایەتیی لقی سیاسی و سەربازیی ئەم گرووپە لێک جیا بوون و وێدەچێت لە ئێستادا پاش نەمانی سەنوار بۆ جارێکی دیکە هەر یەک لەم  دوو لقە، ڕێبەرێکی تایبەتی بۆ هەڵبژێردرێت و ئەمە دەبێتە هۆی ئەوەی کە ئەگەری هەڵبژاردنی محەممەد سێنوار کەم ببێتەوە.

ناوبراو لە ئێستادا ڕۆڵی سەرەکیی لە شەڕی غەززەدا هەیە و فەرماندەیی هێزەکانی حەماسی گرتووەتە دەست.


ڕاپۆرتەکەی ڕۆیتێرز لە کۆتاییدا باسی لە ئەگەرەکان بۆ گەیشتنەوەی جارێکی دیکەی خالد مەشعەل بەم بەرپرسایەتییە کردووە.

مەشعەڵی تەمەن ٦٨ ساڵ ساڵی ١٣٨٢ی هەتاوی بۆ ماوەی ١٣ ساڵ ڕێبەری ئەم گرووپە بوو.

ناوبراو بەهۆی پشتیوانینەکردنی لە شەڕی نێوخۆیی سووریە پاش بەهاری عەرەبی، پیوەندییەکانی لەگەڵ کۆماری ئیسلامی تووشی کێشە بوو.

ئەم هەواڵدەرییە ئەگەری گەیشتنەوەی مەشعەلی بەم پۆستە گرێ داوەتەوە بە هەڵوێستی کۆماری ئیسلامی بەنیسبەتی ناوبراو و ڕایگەیاندووە کە ئەگەر کۆماری ئیسلامی هەڵوێستەکانی لەهەمبەر خالد مەشعەل هێورتر ببێتەوە، ئەگەری هەیە بۆ جارێکی دیکە ڕێبەرایەتی ئەم گرووپە بگرێتەوە دەست.