کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەڵوێستەکانی حیزبوڵڵا و ئیسرائیل دوای کوژرانی یەحیا سەنوار

11:41 - 28 رەزبەر 2724

حیزبوڵڵای لوبنان ڕۆژی هەینی ٢٧ی ڕەزبەر ڕایگەیاند کە شەڕیان لەگەڵ ئەو هێزە ئیسرائیلییانەی کە هێرشیان کردە سەر ئەم وڵاتە، چووەتە قۆناغێکی نوێوە. ئەم لێدوانانە دوای کوژرانی یەحیا سەنوار ڕێبەری باڵای حەماس هاتووە کە لە تێکهەڵچوون لەگەڵ هێزەکانی ئیسرائیل ڕۆژی پێنجشەممە لە غەززە کوژراوە.

سەرەڕای ئەوەیکە ڕێبەرانی وڵاتانی ڕۆژاوایی هیوایان دەربڕیوە کە کوژرانی سەنوار دەرفەتێک بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ و ئاگربەست دەرخسێنێت، بێنیامین نێتانیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل دەڵێت، شەڕەکە تا ئازادکرانی ئەو دیلانەی کە لەلایەن حەماسەوە دەسبەسەرن، بەردەوام دەبێت.

ناوبراو لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا دوای ڕاگەیاندنی کوژرانی ئەو ڕێبەرەی حەماس دەڵێت: "ئەمڕۆ حیسابی خۆمان یەکلایی کردەوە، ئەمڕۆ حەماس زەربەیەکی قورسی لێکەوتەوە، بەڵام هێشتا کارەکانمان تەواو نەبووە".

بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی ڕۆیتێرز جۆ بایدێن لە پەیوەندییەکی تلفۆنیدا پیرۆزبایی کوژرانی یەحیا سەنواری لە نێتانیاهوو کرد و ڕایگەیاند، مەرگی سەنوار بۆ کۆتاییهێنان بە دەرگیرییەکان لە غەززە و گەڕانەوەی بارمتە ئیسرائیلییەکان بۆ ماڵەوە دەرفەتێکی ڕەخساندووە.

لەلایەکی دیکەوە نوێنەرایەتیی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان وتوویەتی: ''دوای مەرگی سەنوار ڕۆحی خۆڕاگری بەهێزتر دەبێت.''

هەروەها حیزبوڵڵای لوبنان ڕایگەیاندووە کە شەڕەکەیان لەگەڵ ئەو هێزە ئیسرائیلییەی کە هێرشیان کردە سەر لوبنان پێی ناوەتە قۆناغێکی نوێ و لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا چەکی نوێیان بەکارهێناوە.