کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مامۆستایەکی زانکۆ لە ئێران لەبارەی ڕۆچوونی زەوی هۆشداری دا

12:26 - 28 رەزبەر 2724

عەلی بەیتوڵڵاهی ئەندامی هەیئەتی زانستیی ناوەندی توێژینەوەی ڕێگاوبان و نیشتەجێبوون و شارسازی، هۆشداری دا کە ڕۆچوونی زەوی لە هەموو پارێزگاکانی ئێران جگە لە پارێزگای گیلان ڕووی داوە، و ڕێژەی ڕۆچوونی زەوی ڕۆژانە خەریکە زیاتر دەبێ.

بەیتوڵڵاهی لە قسەکانیدا ئاماژەی بەو شارانە کرد کە زۆرترین ڕێژەی ڕۆچوونیان هەیە لە ئێراندا و وتی کرد لەو ناوچانەی کە ڕێژەی دانیشتووانیان زۆرە، ڕێژەی ڕۆچوونی زەویش زۆر بەرزە و لە نێویاندا ئاماژەی بە مەشهەد، تاران، ئێسفەهان، شیراز، کرمان و شارە گەورەکانی دیکە کرد.

هەروەها ناوبراو جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە ڕۆچوونی زەوی کاریگەریی لەسەر شوێنەوارە مێژوویی و کولتووریەکانی وڵات داناوە.

ئەو مامۆستای زانکۆیە بە ئاماژە بەوەی کە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ قەبارەی ناوچە ڕۆچووەکان لە زیادبووندایە، ئاماژەی بە باشوور و باشووری ڕۆژاوای تاران کرد و وتی لەوێ ناوچەیەک بە درێژی ٦٠ کیلۆمەتر و پانی ٣٠ کیلۆمەتر ڕۆ چووە و هەروەها لە باشووری پارێزگای ئەلبۆرزیشدا، ڕێژەی ڕۆچوونی ساڵانە ٣٧ سانتی مترە.

ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد، تەواوی زەوییەکانی شاری ئێسفەهان لە حاڵی ڕۆچووندایە و ڕۆژانە دۆخەکە خرابتر دەبێتەوە.

جێگای سەرنجە کە ڕۆچوونی زەوی گەر سەرووی چوار میلی مەتر لە ساڵێکدا بێ بەو مانایەیە کە دۆخەکە گەیشتووەتە خاڵێکی مەترسیدار، بەڵام لە ئێراندا ڕێژەی داکەوتنی زەوی لە جیاتی میلی مەتر بە سانتی مەتر ڕادەگەیەنرێت.

بەیتوڵڵاهی ڕایگەیاند کە هیچ دامەزراوەیەک بەرپرسیارێتی ڕۆچوونی زەوی لە ئەستۆ ناگرێت، ئاماژەی بەوەش کرد، شوێنەوارە مێژووییەکان و باڵەخانە گرینگەکان لە ناوچە گەورەکان و ناوچە ڕۆچووەکان پێویستیان بە چاکسازی تایبەت هەیە، بەڵام پلانی خۆپارێزی بۆ کەمکردنەوەی مەترسییەکانی ئەم حاڵەتانە لە پلانی حکوومەت بۆ گەشەپێدانی وڵاتدا دیار نەکراوە.

 

شایانی باسە ئێران بەرزترین ئاستی ڕۆچوونیی زەوی لە جیهانەدا هەیە و لە هەندێک ناوچەدا کە ئاوی ژێرزەوی بە گشتی تەواو بووە و زەوی ڕۆچووە و داڕماوە، گەڕانەوەی ئەو ناوچانە بۆ دۆخی ئاسایی مەحاڵە.

یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی بەرزبوونەوەی ڕێژەی ڕۆچوونی زەوی لە ئێران، دەرهێنانی لەڕادەبەدەری ئاوی ژێرزەوییە؛ کارناسان باس لەوە دەکەن کە پاشەکەوتی هەزار ساڵەی ئاوی ژێرزەویی ئێران لە سێ دەیەی ڕابردوودا بەکار هێنراوە.

هەروەها بە وتەی توێژەران، دەرهێنانی ئاوی ژێرزەوی بە شێوەیەکی بەرچاو دەبێتە هۆی قەیرانی ئاو بۆ نزیکەی ٩٠ ملیۆن کەس لە وڵاتەکەدا.